ئێران هەڕەشەی توند دەکات: هێرشەکان بۆسەر لوبنان ڕانەگرن پەشیمانتان دەکەینەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 188 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئێران، سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە ئەمریکاو ئیسرائیل دەکات‌و دەڵێت، ئەهەر هێرشەکان بۆ سەر لوبنان رانەگیرێن وەڵامی توندیان دەبێت، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل چەند شوێنێکی لە بەیروت بەسەختی بۆردومان کرد.


سوپای پاسدارانی ئێران لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" هێشتا چەند کاتژمێرێکی کەم بەسەر ئاگربەست تێپەڕیوە، ئیسرائیل دەستیکردوە بە کارە وەحشیگەرییەکانی لە بەیروت، کە خۆی لە کوشتنی کەسانی بێتاوان و منداڵان و ژنان دەبینێت، کە بەشێکی سەرەکییە لە شوناسەکەی ".

سوپای پاسداران باس لەوەشدەکات،" هۆشداری توند دەدەینە ئەمریکای پەیمان شکێن و هاوبەشە ئیسرائیلییە جەلادەکەی، کە ئەگەر دەستبەجێ دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر لوبنان رانەگرن، وەڵامێکمان دەبێت کە دەستدرێژیکاران پەشیمان ببنەوە ".