شارپرێس:
لەکاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر لێواری تەقینەوەیەکی گەورەدایە، جارێکی دیکە گۆڕەپانی سیاسیی نێوان ئیسرائیلو تورکیا بوەوە بەشانۆی هێرشی توندی زارەکی، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەزمانێکی زبرو ڕاستەوخۆ هێرشیکردەسەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغانو پەردەی لەسەر ململانێیەکی قووڵ لادا کە تێیدا کارتی کوردو دۆسیەی ئێران وەک چەکی سەرەکی بەکارهێنران.
ناتانیاهۆ لەنوێترین پەیامیدا، ئەردۆغانی بەهاوکاری ڕژێمی تیرۆری ئێران تۆمەتبارکرد، بەڵام ئەوەی ئەمجارە جیاوازبوو، بەکارهێنانی پرسی کورد بوو وەک ئاوێنەیەک بۆ نیشاندانی ئەوەی ناتانیاهۆ بەدوڕویی تورکیا ناوی دەبات.
ناتانیاهۆ بەڕاشکاوی وتی، "ئەوکەسەی کۆمەڵکوژی کوردەکان دەکات، بۆی نییە وانەی ئەخلاق بەئێمە بڵێتەوە"، ئەمەش هەوڵێکی ڕونی ناتانیاهۆیە بۆ کەمکردنەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیلو گواستنەوەی چاوەکان بۆ سەر مامەڵەی تورکیا لەگەڵ دۆسیەی کورد.
لەپشت ئەم هەموو هاوار و لێدوانە توندانە، ڕاستییەکی ساردو بێدەنگ هەیە، ئهویش ئهوهیه كه ئابوریی ململانێ ناناسێت، سەرەڕای ئەوەی ئەردۆغان چەندینجار بڕیاری بایکۆتی تەواوەتی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل داوە، بەڵام داتاکان چیرۆکێکی دیكه دەگێڕنەوە.
لەساڵی ڕابردودا، ئیسرائیل بەبەهای نزیکەی یەک ملیار دۆلار کاڵای لەتورکیاوە هاوردەکردوەو بازرگانییەکە نەپچڕاوە، تەنها ڕێگهکەی گۆڕاوە، کاڵا تورکییەکان لەڕێگەی یۆنانو وڵاتانی دیكهى سێیەمەوە دەگەنە بەندەرەکانی ئیسرائیل، ههروهها هێشتا نەوتی ئازەربایجان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەگاتە ئیسرائیل، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان زۆر لەدروشمە سیاسییەکان بەهێزترن.
ئەم هێرشەی ناتانیاهۆ لەکاتێکدایە کە هەردوو سەرکردە لەناوخۆی وڵاتەکەیان ڕوبەڕوی قەیران بونەتەوە، ناتانیاهۆ دەیەوێت بەشەیتانکردنی ئەردۆغان، پشتیوانی ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی وڵاتەکەی بەدەستبهێنێت، لەبەرامبەریشدا، ئەردۆغان بەبەکارهێنانی زمانی ئایینیو نەتەوەیی دژی ئیسرائیل، دەیەوێت پێگەی خۆی لەجیهانی ئیسلامیدا بپارێزێت.
جەنگی نێوان ناتانیاهۆو ئەردۆغان، زیاتر لەوەی جەنگێکی ڕاستەقینە بێت، جەنگێکی شانۆییە، لەسەر شاشەکان یەکتر بەتیرۆریستو کۆمەڵکوژ ناودەبەن، بەڵام لەژێر زەوییو لەڕێڕەوە بازرگانییەکاندا، کەشتییەکان بهبێ وەستان لەنێوان هەردوو وڵاتدا هاتوچۆ دەکەن، پرسی کوردو ئێرانو غەززە، تەنها وەک کارتێکی فشار لەم یارییە گەورەیەدا بەکاردەهێنرێن.
