شارپرێس:
دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریكاو ئێران لەئیسلام ئاباد شکستی هێناو نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێکـ وەزیری دەرەوەی پاکستان، داوا لەو دوو وڵاتە دەكات پابەندی رێککەوتنی ئاگربەست بن.
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند،"پێویستە هەردولا بەردەوام بن لەپابەندبونیان بەئاگربەست".
هەروەها جەختی کردەوە، پاکستان لەڕۆژانی داهاتودا بەردەوام دەبێت لەگێڕانی ڕۆڵی خۆی بۆ ئاسانکاری و هاندانی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.
دوای زیاتر لەڕۆژێك لەدانوسانەكان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، بەبێ گەیشتن بەرێککەوتن کۆتایی هات.
لەم بارەیەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لەگەڵ واشنتن لەسەر چەند پرسێک گەیشتونەتە لێکگەیشتن، بەڵام رێککەوتنی کۆتایی واژۆ نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند، هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران نەکراوە. ئەو جەختی کردەوە، واشنتن لەهێڵە سورەکانی پاشەکشە ناکات و ئێستا تۆپەکە لەگۆڕەپانی تاراندایە".
قسەکانی ڤانس ئاماژەیەک بون بۆ ئەوەی کە هێشتا
کاتی پێویست بە ئێران دەدرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازەی ئەمریکا کە ڕۆژی سێشەممە
ڕایگەیاندبوو هێرشەکانی بۆ ماوەی 2 هەفتە ڕادەگرێت تا ئەنجامی گفتوگۆکان دەردەکەوێت.
ڤانس دوای 21 کاتژمێر لە دانوستان لە پایتەختی پاکستان بە ڕۆژنامەنووسانی
وت کە وەفدەکەیان دەگەڕێتەوە و چاوەڕێ دەکەن بزانن ئایا ئێرانییەکان پێشنیازە کۆتاییەکە
قبوڵ دەکەن یان نا.