شه‌ش ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق‌و سعودیە بەگەروی هورمز تێپه‌ڕبوو

لە میدیاکانەوە

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1111 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جموجوڵە بازرگانییەکان لەگەروی هورمز گەیشتوونەتە ئاستێکی پێوانەیی‌و بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی پێگەی (TankerTrackers)، تەنها لەیەک ڕۆژدا بڕی شه‌ش ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەو گەروەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەڕێکراون.


ئەو بڕە نەوتەی تێپەڕیوە پێکدێت لەدوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق‌و چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی سعودیه‌، ئاژانسی "بلۆمبێرگ"یش ئاماژەی بەوەکردوە، بەیانی دوێنێ شەممە، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاح لەکەنداوەوە بەرەو دەرەوە بەڕێکەوتون، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ بەرزبونەوەی بەرچاوی هەناردەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکدەدرێتەوە.

زانیارییەکانی هاتوچۆی دەریاوانیی دەریدەخەن کە دوای پەککەوتنی جوڵەی کەشتییەکان، ئێستا هورمز گەرموگوڕییەکەی جارانی بۆ گەڕاوەتەوە، لەکاتێکدا لەدوو ڕۆژی یەکەمی "ئاگربەست"دا تەنها 12 کەشتی تێپەڕیبون، ئێستا ژمارەکان بازدانی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەم گۆڕانکارییە خێرایە پەیامێکی دڵخۆشکەرە بۆ ئابوریی جیهان‌و سەلمێنەری ئەوەیە کە زنجیرەی دابینکردنی وزە خەریکە لەژێر سێبەری هەڕەشە ئەمنییەکان ڕزگاری دەبێت.