شۆکی 140 دۆلار.. بازاڕی نەوت دەکوڵێت‌و جیهان لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدایە

لە میدیاکانەوە

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1618 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسى بلومبێرگ پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراوى ئاشكراكردوه‌ له‌باره‌ى نرخى نه‌وته‌وه‌و ڕایگه‌یاند، بازاڕەکانی وزە لەسەر ئاستی جیهان توشی شۆکبون دوای ئەوەی نرخی نەوتی ڕاستەقینە بەربەستی 140 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک بڕیوه‌، ئەم هەڵکشانەش تەنها ژمارەی سەر شاشەکان نییە، بەڵکو نرخێکە کە پاڵاوگەکان بۆ گرێبەستەکانی هەفتەی داهاتوو واژۆیان کردوە.


لەکاتێکدا نرخی نەوت لەبۆرسە جیهانییەکان (وەک برێنت) لەدەوروبەری 108 بۆ 110 دۆلارە، بەڵام کڕیارە ڕاستەقینەکان بۆ دەستکەوتنی نەوتی خاو بڕی 140 دۆلارو زیاتریشیانداوە، ئەمەش نیشانەی کەمبونی توندی خستنەڕوە.

وه‌كو بلومبێرگ باسیكردوه‌، لەیەکێک لەدانیشتنەکانی بازرگانیدا، 40 داواکاری بۆ کڕینی نەوت پێشکەشکراوە، بەڵام تەنها چوار گرێبەست ئەنجامدراون؛ ئەمەش مانای وایە جیهان بەدەست بێ‌ نەوتییەوە دەناڵێنێت، داخستنی گه‌روى هورمزیش بۆ ماوەی زیاتر لەمانگێک، کە ڕێڕەوی سەرەکی گواستنەوەی وزەی جیهانە، بوەتە هۆی پەککەوتنی گەورەترین سەرچاوەی دابینکردنی نەوت.

شارەزایان هۆشداریدەدەن کە بەردەوامبونی ئەم نرخە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی بێوێنەی نرخی سوتەمەنی‌و کاڵاکان لەبازاڕە نێوخۆییەکان کە ڕەنگە جیهان بەرەو قۆناغێکی قورسی داکەوتنی ئابوریی بەرێت.

ئێستا چاوی جیهان لەسەر وڵاتانی بەرهەمهێنەرو هێزە گەورەکانە؛ ئایا دەتوانن جێگرەوەیەک بۆ ئەم بۆشاییە بدۆزنەوە، یان 140 دۆلار تەنها سەرەتایەکە بۆ نرخێکی گرانتر؟.