زەنگی شەڕ لێدەدرێت.. سوپای ئیسرائیل پەنجەی لەسەر پەلەپیتکەیە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1900 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەرەسەندنێکی خێراو مەترسیداردا، ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشی سەربازیی بۆ هێرشکردنەسەر ئێران گەیاندە لوتکە، دوای ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران لەپاکستان گەیشتنە بنبەست، تەلئەبیب بڕیاریدا چاوەڕوانی تاقیتاقیکردنەوە سیاسییەکان نەکات‌و سوپاکەی بخاتە حاڵەتی هێرشی پێشوەختە.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێكى ماڵپەڕی (Ynet)، ئەیال زەمیر سەرۆک ئەرکانی سوپا فەرمانی توندی دەرکردوە بۆ فراوانکردنی لیستی ئامانجە ستراتیژییەکان‌و ئامادەباشی بێوێنەی هێزی ئاسمانی بۆ وەشاندنی زنجیرەیەک گورزی چڕو وێرانکەر.

ئێستا ناوچەکە لەبەردەم ساتی یەکلاکەرەوەدایە؛ هەرچەندە بڕیاری کۆتایی سیاسی نەدراوە، بەڵام جێگیرکردنی فڕۆکە جەنگییەکان‌و نوێکردنەوەی بانکەکانی ئامانج، نیشانەی ئەوەن کە ئیسرائیل خۆی بۆ سیناریۆیەکی سەربازی گەورە ئامادەکردوەو تەنها چاوەڕێی ئاماژەیەک دەکات بۆ دەستپێکردنی گەورەترین پێکدادانی سەربازی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەر گۆڕانکارییەک لەهەڵوێستی لایەنە نێودەوڵەتییەکان یان کاردانەوەی تاران ڕوبدات، دەتوانێت ڕێرەوی ئەم گرژییە بگۆڕێت.