شارپرێس:
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئاشكرایكرد، پێشبینی دەکەن ئەمریکا هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی دەست پێ بکاتەوەو دەڵێت، سەرجەم ئامادەكارییەكیان بۆ دەستپێكردنەوەی جەنگ كردوە.
غوڵام حوسێن، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، لەگرتەڤیدیۆیەکدا کە لە لایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوەو ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەی لەئامادەباشییەکی تەواودا بێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لەلایەن دوژمنەوە" نەک هەر دور نییە، بەڵکو ئەگەرێکی زۆرو بەهێزە.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری وتیشی، دوژمن ئەم شەڕەی وەک جەنگێکی وا بینیوە پێی وابوە، دەتوانێت لەماوەیەکی زۆر کورتدا بەئامانجەکانی بگات، دەشڵێت، "بڕوایان وابوو لەرێگەی بەکارهێنانی ئامرازە جەنگییەکان و سودوەرگرتن لەو ئەزمونانەی لەجەنگی 12 ڕۆژەدا هەیانبوو، هەروەها بەکرانە ئامانجی رێبەری باڵاو فەرماندەکانی دیکە، لەماوەی 24 یان 48 کاتژمێر یان هەفتەیەکدا بگەنە ئەنجام".
غوڵام حوسێن ئاماژەی بەوەش دا، دوای تێپەڕبونی زیاتر لە 40 ڕۆژ، دوژمن نەگەیشتە ئامانجەکانی و وتیشی، "ڕاستە گەورە پیاوانی ئێمەیان کوشت و لەدەستمان دان، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیانویست بەدی نەهات، بێگومان دوژمنێک کە ئامانجی هەبوەو شکستی هێناوە، بەئاسانی واز ناهێنێت، بۆیە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە دڕندانەکانیان زۆرە".
لەکۆتایی قسەکانیدا، ئێژەیی جەختی لەسەر چەمکی ئیرادە کردەوەو دوپاتیكردەوە، كە"ئەم ئامادەباشییە 100%ـییەی باسی دەکەین، بەشێکی زۆری پەیوەستە بەئیرادەی ئێمەوە، هەرچەندە ئیمکانیات و شوێن گرنگن، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا ئەم سەرکەوتنەی مسۆگەر کردوە، ئیرادەی خەڵک بوە، بۆیە لەقۆناغی یەکەمدا دەبێت ئیرادەی پێویستمان بۆ ڕوبەڕوبونەوە هەبێت".
ئەم گرژییانە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە تاران کرد بەردەوام بێت لەدانوستانەکانی پاکستان كەبڕیارە لەسبەینێوە دەستپێبكەنەوە.
