شارپرێس:
لەگەڵ نزیکبونەوەی کۆتاییهاتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ڕۆژی چوارشەممە بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕووبەڕووی پێنج بژاردەی ستراتیژیی بووەتەوە.
ترەمپ ڕایگەیاندووە ئەگەری درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە زۆر کەمە ئەگەر ڕێککەوتنێک ئیمزا نەکرێت. بژاردەکانیش بریتیین لە:
بژاردەی یەکەم بریتییە لە بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار و پێداگریی لەسەر مەرجە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی و دۆخی ناوچەکە، بە هیوای ئەوەی ئێران لە کۆتا ساتەکاندا پاشەکشە بکات.
بژاردەی دووەم کات کڕینە لە ڕێگەی درێژکردنەوەی ئاگربەست بە تێگەیشتنێکی کاتی، هەرچەندە لێدوانەکانی ترەمپ گومانی خستۆتە سەر ئەم بژاردەیە.
بژاردەی سێیەم گەیشتنە بە ڕێککەوتنی سنووردار و مامناوەند، وەک راگرتنی چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم یان کەمکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکە. ئەم بژاردەیە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام پێویستی بە سازشی دوولایەنە هەیە.
بژاردەی چوارەم گەڕانەوەیە بۆ هەڵکشانی سەربازیی لە ئەگەری شکستپێهێنانی دانوستانەکان. ئەم بژاردەیە مەترسیی فراوانبوونی ململانێکان لە ناوچەکەدا هەڵدەگرێت، بەڵام وەک ئامرازێکی گوشار لەبەرچاو دەگیرێت.
بژاردەی پێنجەم کە کەمترین ئەگەری هەیە، بریتییە لە ڕاگەیاندنی سەرکەوتن و کشانەوە لە دۆسیەکە، چونکە ئەمە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ناوبانگی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
چاوەدێران پێیانوایە بڕیاری کۆتایی ترەمپ تەنها بەند نییە بە دانوستانەکان، بەڵکو پەیوەستە بە هاوسەنگی هێز، سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریکا و کاریگەرییە ئابوورییەکانی هەر گرژییەکی نوێ لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا.
بڕیاری کۆتایی هەرچییەک بێت، کاریگەریی گەورەی لەسەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.