سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی هاتەدەنگ

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9207 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم پەیامێکی لەبارەی دۆسیەکەی لاهور شێخ جەنگی بڵاوکردەوەو رایدەگەیەنێت، به‌پێی یاسا بڕیاردان لە داوای گواستنەوەی کەیسێک لە دادگایەکەوە بۆ دادگایەکی تر، پرسێکی تەواو دادوه‌رييه‌ و لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادگا پەیوەندیدارەکان یەکلای دەکەنەوە.



دلشاد شهاب، وته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند، ماوەیەکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەربارەی ڕوداوەکانی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو کە لە لاله‌زارى شاری سلێمانی ڕویاندا، هەندێک بابەت سەبارەت بە هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی دادگاییکردن و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو تۆمه‌تبار و گیراوانەی لە دەرەنجامی ڕوداوەکان دەستگیرکراون، وروژێندراون.

دڵشاد شەهاب رونیشیکردەوە،" ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری پرسوڕا و بەدواداچونی پێویستمان کرد، دیاره‌ که‌ به‌پێی یاسا بڕیاردان لە داوای گواستنەوەی کەیسێک لە دادگایەکەوە بۆ دادگایەکی تر، پرسێکی تەواو دادوه‌رييه‌ و لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادگا پەیوەندیدارەکان یەکلای دەکەنەوە ".

ئەوەشیخستەڕوو،" ئەوەی پەیوەستە بە هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانه‌وه‌، دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە دوور لە هەموو دەستتێوەردان و فشارێک، پێویستە هه‌موو کەیسێك بە ڕێڕەوی یاسایيی خۆی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگاییکردن بەڕێوە بچێت و پێویستە دەرفەتی بەرگریکردن و پاراستنی مافی تۆمه‌تباران و گیراوان بەپێی یاسا پارێزراو بێت ".

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم باسی لەوەشکرد،" دوپاتی دەکەینەوە کە ده‌بێ لە كاتى ياساييى خۆيدا و بەپێی ڕێکارە یاسایییەکان، دادگاکان بڕیاری خۆیان لەبارەی ئەم پرسەوە یەکلایی بکەنەوە ".

راشیدەگەیەنێت،" سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک هه‌میشه‌ پارێزه‌ری یاسا و دامه‌زراوه‌کان دەبێت و پابەندە بە ڕێزگرتن لە بنەمای جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سه‌ربه‌خۆییی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ".