شارپرێس:
کەناڵی 12 ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە کە محەممەد باقر قاڵیباف،
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری ئەو وڵاتە، بەهۆی دەستوەردانی
سوپای پاسدارانەوە دەستی لە کارکێشاوەتەوە.
بەگوێرەی
ڕاپۆرتەکە، ڕێبەرایەتی ئێران لە قەیرانێکی قوڵ و ململانێیەکی توندی دەسەڵاتدایە کە
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بێوێنەیە، ئەمەش بۆتە هۆی شەلەلێکی تەواو لە بڕیارە
چارەنووسسازەکانی وڵاتدا.
قاڵیباف کە تا ئێستا سەرپەرشتیی دانوستاندنە
نهێنییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و گفتوگۆ ئاڵۆزەکانی لە پاکستان دەکرد، بە فەرمیی کشانەوەی
خۆی ڕاگەیاندووە.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە هۆکاری ئەم
بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ناوبراو ڕەتی کردۆتەوە قبوڵی دەستوەردانی بەردەوامیی ژەنەڕاڵەکانی
سوپای پاسداران بکات، بەتایبەت ئەو کەسایەتییانەی وەک ئەحمەد وەحیدی و عەبدوڵڵاهیان
کە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی بڕیاردان هەیە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم ژەنەڕاڵانە بەشێوەیەکی
فراوان تێوەگلاون لە بڕیارە سیاسییەکاندا و مەودای جووڵەی پێویستیان لە قاڵیباف سەندۆتەوە
بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەییانە دانوستاندنەکان بەڕێوە ببات.
ئەم
دۆخە وای دەردەخات کە تاران لە دۆخێکی تەواو پڕ لە ئاڵۆزیدایە و ململانێ ناوخۆییەکان
توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی پەکخستووە.
دەشڵێت: ئەم پەرەسەندنە نوێیە ئاماژەیەکە بۆ
قوڵبوونەوەی درزی نێوان باڵە سیاسییەکان و هێزە سەربازییەکانی ئێران، کە ڕەنگدانەوەی
ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکانی تاران دەبێت.
