لە بڕگەیەکی ڤیدیۆییدا کە وەکوو دەردەکەوێت بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیە، لاپەڕەیەک لە فەیسبوک بە ناوی Qallam ئاینی بڵاوی کردۆتەوە، خاتوونێک، کە نازانم کێیە و نازانم ناوی چیە و ئیشی چیە، و نازانم بەرنامەکەش و پێشکەشکارەکەی ناویان چیە، بەراوردێکی سەرپێی نێوان ئەوروپا و کوردستان دەکات، لە رووی "مرۆڤبوون"ەوە و پاشان لە ناکاو باس لە جوانیی ساردی ئەوروپا دەکات. ئەم دوو بابەتەی کە هەرگیز لە یەک گوتاردا جێگەیان نابێتەوە. بە دیاریکراوی خاتوونەکە دەڵێ: "ئەوروپا هیچ سیفەتێکی تیا نیە تا جوان بێت، لەو سەفەرانەی من بۆم کردوە هیچ جوانیەکم تیا نەبینیوە، کە ئەڵێن لەوێ مرۆڤبوون هەیە، مرۆڤبوون نیە.. لەوێ یاسا هەیە، کە تۆ پیادەڕەوی بە رێگای سەیارەیا بڕۆی، یاسا سزات دەدات، بەڵام منێکی موسڵمان فێرکراوم بێ ئەوەی لە یاسا بترسم بە ڕێگەی پیادەکەیا بڕۆم، بۆیە لە ئەوروپا شتێکی جوان نیە کە تۆ شانازیی پێوە بکەیت، باوەڕت هەبێت دڵگریش نیە، بەقەد سروشتی کوردستان و هەندێ وڵاتانی تر، ئەوروپا جوانییەکی ساردی هەیە". بە مەبەستەوە دەقی قسەکانیم داناوەتەوە، بۆ ئەوەی بە وردی لەسەری بوەستم. جا ئەوەی لێی تێنەگەیشتم ئەوەیە ئەو خاتوونە یاسا بە چی تێگەیشتوە، چونکە شتێکی پۆزەتیفە کە یاسا هەیە، کە مرۆڤەکانیش پابەندی یاسا دەبن، ئەوە بەشێکی گەورەی مرۆڤبوونییانە کە لە ئاژەڵیان جیا دەکاتەوە.
هەندێجار لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان نەک وەڵامەکان کرچ و کاڵن، بەڵکوو هۆکاری کرچ و کاڵیی وەڵامەکان کرچ و کاڵیی پرسیارەکان و لاوازیی پێشکەشکارەکەیە کە یان نازانێ پرسیار بکات و ناشزانێت درێژە بە گفتوگۆیەکی لەو جۆرە بدات و لە نێو قسەکانی میوانەکەیدا پرسیاری گرنگ بوروژێنێت. ئەمجۆرە پێشکەشکارانە هێشتا رێز لە بینەرەکانیان ناگرن وەکوو پێویست، چونکە وادەزانن ئەو کە بەرنامە پێشکەش دەکات هەموو بینەرەکان ئاستییان لە ئاستی خۆی نزمترە، لە بیری نیە بینەر هەیە چاوەڕوانیی زۆر لەوە زیاترە کە ئەو پێشکەشی دەکات.
بگەڕێمەوە سەر بابەتی ئەو بڕگەیەی باسی لێوە دەکەم: لەبەردەم ئەمجۆرە گوتارە رووکەشانەدا پێویستیمان بەوەیە پێناسەی "مرۆڤبوون" بکەین، دەبێت ئەوەی دەست دەبات بۆ ئەمجۆرە بەراوردە لە نێوان دوو جوگرافیای ئینسانی و یاسایی و تەنانەت ئەخلاقیدا دەبێت لەوە قووڵتر بتوانێت خوێندنەوە بۆ مێژووی ئەو دوو جوگرافیایە بکات.
ئەو یاسایانەی ئەو خاتوونە باسییان لێوە دەکات کە لە ئەوروپا سزای سەرپێچیکەران دەدات بەرهەمی بەرزیی لایەنی ئینسانییانە. هەڵبەت لە هەموو جێگەیەک لە دونیادا یاساکان هەن، بەڵام ئەوە ئەخلاقی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ویژدان و ئەخلاقی ئینسانیمانە پابەندمان دەکەن رێز لەو یاسایانە بگرین و پێشێلییان نەکەین.
بەڵام با بزانین "مرۆڤبوون" کە چەمکێکی فەلسەفی و فیکریی زۆر لەو قسە سەرپێییانە قووڵترە مانای چیە؟ یان کە تۆ دێیت وا سەرپێیانە وشەیەکی وەکوو "مرۆڤبوون" لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا فڕێدەدەیت، لە رووی فەلسەفییەوە بەتایبەت فەلسەفەی ئەخلاقەوە مانای چیە؟
"مرۆڤبوون" وەکوو چەمک ئەو بەردی بناغەیەیە کە شارستانییەتە پێشکەوتوەکانی دونیای لەسەر بینابوە و لەگەڵ چەمکی "ئەخلاق"دا ئەو پێوەرە تیژەیە کە دادپەروەریی یاساکانی پێ دەپێورێت. ئەمە نەک لە کوردستان لە کام لە وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەقاودەق بەو مانایە بوونی هەیە؟
لە روە فەلسەفییەکەیەوە "مرۆڤ" ئامانجە باڵاکەیە کە مرۆڤی لە پێناسە بایۆلۆجیەکەوە گواستۆتەوە بۆ بەها میتافیزیکییەکە. بە چەند وشەیەکی تر: مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە، بە واتای ئازادکردنی ئەقڵ و داننان بە کەرامەتی تاکدا. کانت زۆر بە جوانی وەسفی "مرۆڤبوون"ی کردوە کاتێک دەڵێت: ئێمە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تردا بکەین لەسەر بنەمای ئەوەی خودی خۆیان ئامانج و مەبەستن، نەک تەنها هۆکارێک بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی تر. سارتەر-یش کە وجوودی بوە، دەڵێ ئێمە کە لە دایک دەبین "مرۆڤبوون" لەگەڵمان لەدایک نابێتم، بەڵکوو "مرۆڤبوون" بە ئەقڵ و دنیابینی و هەڵسوکەت و مامەڵەمان لەگەڵ دەوروبەر و ئەو ئازادییەی هەمانە وەکوو پرۆژە دروست دەبێت و کامڵ دەبێت.
ئەو ئەوروپایەی کە ئەو خاتوونە لە سەردانەکانیدا بە دڵی نەبوە، چونکە بە حوکمێکی پێشوەختەوە سەردانی کردوە، کۆمەڵێ بیرۆکەی قەرزکراوی دەوروبەری خۆی و ناو دەقە دینییەکان مێشکی پڕ کردوون، بە جۆرێک لە دەرەوەی ئەو بیرکردنەوە هیچ خوێندنەوەیەکی تر بۆ ئەوی تر و بۆ دەوروبەری پێ نیە. لە سەردانەکانیدا هیچ مەبەستێکی فێربوونی نەبوە، مەبەستی بە دواداچوون و دۆزینەوە و وردبوونەوەی نەبوە، ئەو ئەروپایە بە هەموو وڵاتەکانییەوە، بە سەدان و هەزاران رێکخراوی خێرخوازییان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکانییان هەیە یارمەتی "مرۆڤ"ە لێقەوماوەکان دەدەن لە هەر جێگەیەکی دونیا بێت، چ لە کاتی شەڕ و دەربەدەری و ئاوارەبوون، چ لە کاتی رووداوە سروشتییەکانی وەکوو بوومەلەرزە و لافاو و کارەساتەکانی تر کە هەڕەشە لە ژیانی "مرۆڤ"ەکان دەکەن. بەڵام تۆ وەکوو موسڵمانێک خۆزگە ناوی چەند وڵاتێکی ئیسلامیم بۆ بژمێریت کە دوور لە مەرامی سیاسی و ستراتیژی کۆمەکی "مرۆڤ"ی دەنێرن بۆ ناوچەکانی شەڕ و باوەشگرتنەوە بۆ ئاوارەکان؟ ئاوارەکانیش وەکوو فەلەستینی و سوورییەکان ئیستا کە روویان لە وڵاتە ئیسلامییەکان کردوە هەموو وەکوو کۆیلە و ئاژەڵ مامەڵە دەکرێن. هەر وڵاتە ئەوروپییەکانن باوەشییان بۆ ملیۆنان ئاوارە و پەنابەر کردۆتەوە و گرتوویاننەتە خۆیان، ئەی خێرە روو لە هیچ وڵاتێکی ئیسلامی ناکەن؟
ئەوروپا لە خۆڕا نەگەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئیستای لە پێشکەتوویی شارستییان، بە یەک هێڵی راستدا نەهاتوە و گەیشتبێتە ئیستا، بەڵکوو بەرهەمی مێژوویەکی دوور و درێژ و ئاڵۆزە لە ململانێکان، و گۆڕانکارییە فیکرییەکان و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان کە سەرلە نوێ پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و دەوڵەت و دینی داڕشتەوە.
جیاوازیی نێوان ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە ئەوان هەڵەیان کردوە، دانییان بە هەڵەکانیاندا ناوە و سوودییان لە ئەزموونی پێشوویان وەرگرتوە و هەڵەکانیان چاکییان کردوە، نەک وەکوو جیهانی ئیسلامی نەک هەر دان بە هەڵەکانیدا نانێت بەڵکوو بەردەوام بەرهەمی دەهێنێتەوە.
ئەوان هەر زوو دەستییان دایە چاکسازیی دینی، سەرەتا لەسەر دەستی مارتن لوسەر و زۆری تر دوای ئەو، و یەکەم شت کردییان قۆرخکارییەکانی کەنیسەیان شکاند بەتایبەت لە بواری مەعریفی و بڕیارداندا. لەوێ بەدواوە مرۆڤەکان دەستییان دایە شێوازێکی تر لە خوێندنەوەی کتێبە پیرۆزەکان و تێگەیشتن لێیان بێ هیچ هێزێکی نێوەند، کە ئەمەش بیرۆکەی بەرپرسیارێتیی تاکەکەسیی دەوڵەمەند کرد. لەوێشەوە دەسەڵاتی تاکڕەو و رەهایان لاواز کرد، کە بوە هۆی کۆمەڵێک شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی دوور و درێژ ئەنجامەکەی کرۆکی "دەوڵەتی نیشتیمانی" بوو کە نە ئێمە و نە هیچ کام لە وڵاتانی خۆرهەڵات نیانە.
زۆر گرنگە چەند جارێک بیر لە قسە بکەینەوە پێش ئەوەی بیڵێین. و کە قسە دەکەین پێمانەوە دیار بێت کە بابەتەکەمان لە هەموو روەکان و بە قووڵی وردکردۆتەوە و لێی تێگەیشتووین دوور لە دەمارگیری و ویستی لەغووکردنەوەی ئەوی تر بەبێ هیچ بنەمایەکی مەعریفی و فیکری.. چەمکەکان مرۆڤبوون، رۆشنبیری و دیموکراسییەت کە کۆمەڵگە ئەوروپییەکانی پێ دەناسرێتەوە تەنها گوتار نین، و تەنها لەناو دەقە دینییەکاندا نیە، بەڵکوو لەوێ ئەو سێ چەمکە کولتوور و مامەڵەکردنە، فلسەفەی ژیان و دنیابینییانە.
