مەترسییە تەندروستییەکانی "چای کیسە" ئاشکرا دەکرێت

تەندروستی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 558 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێکۆڵینەوە نوێیەکان هۆشداری دەدەن کە کیسەی چا لە کاتی بەرکەوتن بە ئاوی گەرمدا، بڕێکی زۆر لە وردەپلاستیک و نانۆپلاستیک بەردەدات.

بەپێی توێژینەوەیەکی هاوبەشی ئێران و بەریتانیا، یەک کیسە چا کاتێک وشکە نزیکەی 1.3 ملیار وردەپلاستیکی تێدایە، بەڵام دوای خوساندنی لە ئاوی گەرمدا، ژمارەکە بۆ نزیکەی 14.7 ملیار بەرز دەبێتەوە.
ئەو کیسانەی لە نایلۆن یان پۆلی ئیسیلین دروستکراون، زۆرترین بڕی پلاستیک بەردەدەن، ئەم ماددانە زۆر وردن و دەتوانن لە ڕێگەی خواردن و خواردنەوەوە بچنە ناو خوێن و شانەکانی لەش و لە ئەندامەکاندا کۆببنەوە.
سەرەڕای ئەوەی هێشتا لێکۆڵینەوەکان لە قۆناغی سەرەتاییدان، بەڵام هەندێک ئەنجام ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم وردەپلاستیکانە دەبنە هۆی پەستانی ئۆکسێنەر و زیانگەیاندن بە خانە و DNA، هەروەها گومان دەکرێت پەیوەندییان بە هەندێک نەخۆشی درێژخایەن و تێکچوونی هۆرمۆنییەوە هەبێت، چونکە ماددەی کیمیایی و کانزای قورس لەگەڵ خۆیان دەگوێزنەوە.
بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، شارەزایان ڕێنمایی دەدەن کە باشترە چای رژاو بەکاربهێنرێت، یان ئەگەر کیسە بەکاردێت، ئەوا جۆری کاغەزی هەڵبژێردرێت.
هەروەها پێشنیار دەکرێت لە بەکارهێنانی مایکرووەیڤ بۆ گەرمکردنی چای لەناو کیسەدا دوور بکەویتەوە، چونکە گەرمی زیاتر دەبێتە هۆی دەرپەڕینی بڕێکی زیاتری پلاستیک بۆ ناو چاکەت.
هەرچەندە وردەپلاستیک ئەمڕۆ لە زۆر خۆراک و ئاودا هەیە، بەڵام هۆشیاری لە هەڵبژاردنی کەلوپەلی دروست، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی