شارپرێس:
لەکاتێکدا دۆخی ئەمنیی ناوچەکە لەوپەڕی گرژیدایە، دەستپێکردنی مانۆڕێکی سەربازیی چڕی سوپای میسر لەخاڵی سفری سنورەکان، شەپۆلێکی ترسو دڵەڕاوکێی گەورەی لەنێو ناوەندە سەربازییو سڤیلەکانی ئیسرائیلدا دروستکردوە، ڕاپۆرتە عیبرییەکان باس لەوەدەکەن، ئەم جوڵه سهربازییه سیناریۆکانی پێش هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بهبیردههێنێتهوه.
ماڵپەڕی (واڵا)ی ئیسرائیلی ئاشکرایکردوە، لیوای فاران-ی سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بەپەلەی داوەتە بەرپرسانی ئەمنیهكان لهسنورهكانى وڵاتهكه، سەبارەت بەدەستپێکردنی مەشقو ڕاهێنانی سوپای میسر بەفیشەکی ڕاستەقینە.
ئەم مانۆڕە کە لە 26 تا 30ی نیسان بەردەوامدەبێت، تەنها 100 مەتر لەتهلهكانى سنوری ئیسرائیلهوه دوورە، ئەمەش وایکردوە دەنگی تەقەو تەقینەوەکان بەڕونی لەناو ماڵەکاندا ببیسترێت.
ئەم هەنگاوەی میسر، توڕەیی توندی دانیشتوانی ناوچەکانی دەوروبەری ئیسرائیلی لێکەوتوەتەوە، لهوبارهیهوه ڕێكخراوه ئیسرائیلیهكانى ناوچه سنوریهكان لەبەیاننامەیەکی تونددا ڕایانگەیاندوه، "دانیشتوانی ناوچە سنورییەکان نەکراونەتە تاقیگەی دەوڵەتو مەیدانی ڕاهێنانی سوپای میسر".
هاوكات داوای لەئاستی سیاسیی ئیسرائیل کردوە دەستبەجێ ڕێگریی لەو مانۆڕانە بگرن، چونکە بەوتەی ئەوان، ئەنجامدانی ڕاهێنانی وا گەورە لەومەودا نزیکە، لاساییکردنەوەی هەمان ئەو شێوازەیە کە گروپە فەڵەستینییەکان پێش شکاندنی دیوارە ئەمنییەکە لەئۆکتۆبەری 2023 پەیڕەویان دەکرد.
چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه، ئەو گرژییە نوێیە نیشانەی تێکچونی متمانەی ئەمنییە لەناوچەکەدا، بەجۆرێک کە ئێستا هەر جوڵەیەکی سەربازیی لەسەر سنورەکان، وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژیی ئەگەری سەیر دەکرێت.