شارپرێس:
ڕووداوی تەقەکردن لە ئاهەنگی ئێوارە خوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، کە وەک هەوڵێکی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ سەیر دەکرێت، پرسیاری گەورەی لەسەر توانای تیمی خزمەتگوزاری نهێنیی درووست کردووە.
بەپێی وتەی داواکاری گشتیی تۆد بلانش، چەکدارەکە لە هۆتێلی واشنتن هێڵتۆن نیشتەجێ بووە کە ئاهەنگەکەی تێدا بەڕێوەچووە. بەپێی زانیارییەکانی "زە ئیکۆنۆمیک تایمز"، تەنها پێشکەشکردنی بلیتی چوونە ژوورەوە بۆ هۆتێلەکە بەس بووە، کە بۆ میوانانی ئاسایی هۆتێلەکەش کراوە بووە.
لە کاتی ڕووداوەکەدا 2600 کەس بەشدارییان کردووە و ناچار بوون بە ئامێری پشکنینی کانزاکان تێپەڕن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغی و خۆپیشاندەرانی دژ بە جەنگی ئێران لە دەرەوەی هۆتێلەکە، ڕێکارەکانی چوونە ژوورەوە بە پەلە ئەنجامدراون.
دیمەنەکانی کامێرای چاودێریی دەریخستووە کە چەکدارەکە ویستوویەتی بە خاڵێکی پشکنیندا تێپەڕێت، لەو کاتەشدا پێکدادان لەگەڵ پاسەوانەکان ڕوویداوە و پاسەوانێک بەهۆی فیشەکێکەوە بریندار بووە.
لەبارەی دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان، ترەمپ جەختی کردۆتەوە کە شوێنی ئاهەنگەکە بە تەواوی ئارام نەبووە، بەڵام ستایشی هەوڵەکانی تیمی خزمەتگوزاریی نهێنی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە گومانلێکراو نەیتوانیوە نزیک ببێتەوە لە هۆڵی ئاهەنگەکە.
لەلایەکی دیکەوە، هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە هێشتا زووە بڕیار لەسەر کەمتەرخەمی بدەین، لە کاتێکدا هەندێکی تر پێیان وایە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە لە دوای هەوڵەکانی دیکەی تیرۆرکردنی ترەمپ لە ساڵی 2024، نیشانەی بوونی کەلێنی ئەمنییە لە بەهێزترین دەزگاکانی پاراستنی کەسایەتییەکان لە جیهاندا.