ئەمریکاو ئیسرائیل بەنهێنی سەرقاڵی پرۆژەیەکی نوێن.. چی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن؟

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1400 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کەناڵی i24NEWS بڵاوی کردۆتەوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا بە نهێنی سەرقاڵی تاوتوێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژین بۆ دروستکردنی بۆرییەکی نەوتی وشکانی کە لە ئیماراتەوە دەست پێدەکات و بە سعودیە و ئوردندا تێدەپەڕێت و دەگاتە بەندەری حەیفا.

 
کەناڵەکە باسی لەوەکردووە؛  ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە دروستکردنی ڕێڕەوێکی جێگرەوەیە بۆ گەرووی هورمز، تاوەکو ڕێگریی بکرێت لە هەر هەڕەشەیەکی ئێران بۆ سەر هاتووچۆی دەریایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گواستنەوەی دەریایی لە کەنداو.

ئەوەش هاتووە: بەپێی پلانی ئێستا، ئیسرائیل دەبێتە دەروازەیەکی سەرەکیی بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ وڵاتانی ئەوروپا، لەم چوارچێوەیەدا، میری ڕێگەڤ، وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل، پێشنیازێکی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا بخرێتە بەردەم حکومەت، بەمەبەستی دامەزراندنی "دەسەڵاتێکی نیشتمانیی بۆ پێشبردنی پڕۆژەی ڕێڕەوە نیشتمانییەکان".

سەرچاوەکان بە کەناڵەکەیان راگەیاندووە کە پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران و هەڕەشەکان بۆ سەر ئازادیی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز، هۆکاری سەرەکیی بوون بۆ زیندووکردنەوەی ئەم گفتوگۆیانە.

جەختیشیان کردۆتەوە کە پڕۆژەکە تەنیا بۆ کەمکردنەوەی مەودای گواستنەوە نییە، بەڵکو پێداویستییەکی ستراتیژییە بۆ دەستەبەرکردنی ڕێڕەوێکی دابینکردنی وزە کە بەدەر بێت لە دەستدرێژییە ڕاستەوخۆکانی ئێران. 

دەشڵێن؛ ئەم پڕۆژەیە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە دەگۆڕێت و کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر ئاسایشی وزەی جیهانیی دەبێت.