شارپرێس:
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی
عەرەبی رایگەیاند کە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانی
(ئۆپێک پڵەس) دەکشێتەوە.
ئەم بڕیارە کە لە یەکەمی مانگی ئایارەوە دەکەوێتە بواری
جێبەجێکردنەوە، بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی نەوتیی ئەم وڵاتە هەژمار دەکرێت.
ئامانجی سەرەکیی ئیمارات لەم هەنگاوە، بەدەستهێنانی نەرمی
و ئازادیی زیاترە لە سیاسەتی بەرهەمهێناندا، تا بتوانێت بە تەواویی سوود لە توانای
بەرهەمهێنانی ئێستا و داهاتووی وەربگرێت کە لە 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تێپەڕ دەکات.
وەزیری وزەی ئیمارات جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی چیتر
پابەند نابێت بە بەربەستەکانی گروپەکەوە و ئەم بڕیارەشیان بەبێ راوێژی پێشوەختە لەگەڵ
وڵاتانی ئەندام، لەوانەش سعودیە، ئەنجام داوە.
ئەم دەرچوونە لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست
کێشەی داخستنی گەرووی هورمز و کاریگەرییەکانی لەسەر زنجیرەی دابینکردنی وزە دەناڵێنێت.
سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەو هەنگاوە ، پێشبینی دەکرێت لە
ماوەی کورتخایەندا، بازاڕی نەوت بەهۆی زیادبوونی رێژەی خستنەڕوو لەلایەن ئیماراتەوە،
رووبەڕووی شەپۆلێکی دابەزینی نرخ ببێتەوە، بەتایبەت ئەگەر خواست لەسەر ئاستی جیهانیی
کەم بێت، ئەمە فشار بۆ سەر بەرهەمهێنەرانی دیکە درووست دەکات، هەرچەندە وڵاتانی بەکارهێنەر
لەم دابەزینە سوودمەند دەبن.
کشانەوەی بەرهەمهێنەرێکی
گەورەی وەک ئیمارات، توانای رێکخراوەکە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و سەقامگیری
بازاڕدا لاواز دەکات، ئەمەش رەنگە ببێتە سەرەتایەک بۆ دەرکەوتنی جەمسەری نوێ و کێبڕکێی
توندتر لەسەر پشکی بازاڕ.
لە روانگەی جیۆپۆلیتیکییەوە، هەندێک لە چاودێران ئەم هەنگاوە
بە سەرکەوتنێک بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەبینن، کە هەمیشە رەخنەی لە سیاسەتی
نرخەکانی ئۆپێک دەگرت و بەستنەوەی پاراستنی سەربازیی بۆ وڵاتانی کەنداو بە نرخەکانی
نەوتەوە، بە ئەجێندایەکی سەرەکی دەزانی. لە بەرامبەردا، ئیمارات بەم کارە دەیەوێت
سیاسەتی ئابووریی خۆی لە بەرژەوەندییەکانی گروپی ئۆپێک جیا بکاتەوە.
ئەمە ئەگەر بەردەوامی هەبێت، رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی
دیکەش بە پێگەی خۆیاندا بچنەوە، ئەمەش وا دەکات پیشەسازیی نەوتی جیهانیی لە قۆناغێکی
پر لە ململانێ و نادڵنیاییدا بێت.
بە گشتیی، دەرچوونی ئیمارات دەبێتە هۆی ئەوەی نەخشەی وزەی
جیهانیی بە روویەکی نوێدا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت؛ ئەویش بریتییە لە کەمبوونەوەی
کاریگەریی بڕیارەکانی ئۆپیک و هەڵکشانی کێبڕکێ لە نێوان دەوڵەتە بەرهەمهێنەرەکاندا،
کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کاریگەرییەکانی بە روونی لە ئابووریی جیهانیدا دەردەکەوێت
و وا دەکات بازاڕی نەوت بەرەو قۆناغێکی پڕ لە گۆڕانکاریی و ناجێگیریی بڕوات.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی