شارپرێس:
جوتیار رەسول، ئەو
رۆژنامەنوسەی دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنورەکەوە دەستگیرکرا، ئەمڕۆ
بەکەفالەت ئازادکرا، هاوکات وردەکاری دەستگیرکردنەکەشی بۆ شارپرێس ئاشکرادەکات.
جوتیار رەسول، رۆژنامەنوسی
دەڤەری ئیدارەی راپەڕین لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس ئاماژەی بەوەکرد،"
رۆژی سێشەممەی رابردوو بۆ کارێکی رۆژنامەوانی چومە سماقۆڵی و لەوێ لەبازگەکە داوای
پێناسیان لێکردم، منیش پێموتن کە رۆژنامەنوسم و پێناسی ئەو
دەزگایەم پێدان کە کاری بۆ دەکەم، دوای ئەوە پێیانوتم وەرەوە ژورەوەو بۆ ماوەی دوو
کاتژمێر لە بازگەکە رایانگرتم و مۆبایلیشیان لێوەرگرتم ".
جوتیار رەسول
وتیشی،" هێزەکانی ئاسایشی بازگەکە گواستیانمەوە بۆ کۆیە، لەوێشەوە برامە سلێمانی،
بەڵام نازانم بۆ چ شوێنێکی سلێمانی گواسترامەوە، چونکە چاوبەست کرابوم ".
لەبارەی هۆکاری
دەستگیرکردنەکەی، ئەو رۆژنامەنوسە دەڵێت،" هێزەکانی ئاسایش بەبێ هیچ تۆمەتێک
منیان دەستگیرکرد و هیچیان پێنەوتم، تەنها پرسیاری ئەوەیان لێکردم کە لەو دەزگایانەی
پێشوم کە کارم بۆ کردون چیم کردوە و لە دەزگا میدیاییەکەی ئێستاشمدا چی دەکەم
".
جوتیار رەسول ئەوەشیخستەڕوو،"
لەئێستادا بەکەفالەت ئازادکراوم و ئەمشەو دەگەڕێمەوە بۆ قەڵادزێ ".
