قەندیل پەیامێکی نوێ بە تورکیا دەدات و بەمەرج چەکەکانی لەناودەبات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 720 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە زانیاری نوێ لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا ئاشکرادەکات و دەڵێت، بەبێ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چەکەکانیان لەناو نابەن.

موراد قەرەیلان لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای پەکەکە ئاماژەی بەوەکرد،" نەبونی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان نیشانەیەکی مەترسیدارەو دەریدەخات کە حکومەتی تورکیا دوای کۆبونەوەی 27ـی ئاداری رابردوو، بڕیاری داوە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی  رابگیرێت، یان دوابخرێت ".

وتیشی،"  هەموو ئەو هەنگاوانەی تاکو ئێستا لەبارەی ئەو پرۆسەیەوە نراون تەنیا بڕیاری کارگێڕی بون و هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە ".

قەرەیلان ئەوەشیخستەڕوو،" دەسەڵاتی تورکیا بەڵێنی دابوو دوای جەژنی رەمەزان و لە مانگی نیساندا رەشنوسی هەنگاوە یاساییەکان بخاتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام هیچی نەکرد ".

لەبارەی چەکدانانیش دەڵێت،" ئەو بڕیارە لە کۆنگرەدا تەنیا بە یەک مەرج دراوە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت رێبەر ئاپۆ ئازاد بێت و خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکات ".

موراد قەرەیلان داوایکرد گەرەنتی یاسایی بۆ هەنگاوی دوای پرۆسەی لەناوبردنی چەک هەبێت و باسی لەوەکرد،" لە ناوچەیەکدا کە درۆن و موشەک تێیدا دەبارێت، چەکدانان بەبێ گەرەنتی یاسایی مەحاڵە ."