شارپرێس:
کەشتیی گەڕۆکی «کیوریۆسیتی» جۆرێکی نوێ و جیاوازی لە گەردیلە ئەندامییەکانی لەسەر هەسارەی مەریخ دۆزیوەتەوە، کە 7 دانەیان بۆ یەکەمجارە لەسەر ئەو هەسارەیە دەدۆزرێنەوە، ئەم پێکهاتانەی کاربۆنیان تێدایە، هەمان ئەو کەرەستە سەرەتاییانەن کە ژیانیان لەسەر زەوی دروست کردووە.
ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە کە لە گۆڤاری «نەیچەر کۆمیونیکەیشنز» بڵاوکراوەتەوە، لە ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی تایبەتدا بووە کە تێیدا کەشتییەکە نموونەیەکی بەردی وەرگرتووە و لە گیراوەیەکی کیمیاییدا تواندوویەتییەوە بۆ ئاشکراکردنی پێکهاتەکەی.
تیمی توێژینەوەکە پێی وایە ئەو گەردیلە ئەندامییانەی لە بەردەکەدا دیاریکراون، بۆ ماوەی 3.5 ملیار ساڵ لەسەر مەریخ پارێزراون.
دکتۆر ئیمی ویلیامز، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە، دەڵێت ئەم دۆزینەوانە گرنگن چونکە پشتڕاستیدەکەنەوە کە ماددە ئەندامییە ئاڵۆزەکان دەتوانن بۆ ماوەی زۆر بە پارێزراوی لەسەر مەریخ بمێننەوە، سەرەڕای ژینگەی پڕ لە تیشکی هەسارەکە، ئەمەش بەڵگەی زیاتر دەخاتە ڕوو کە مەریخ لە ڕابردوودا هەسارەیەکی شیاو بۆ ژیان بووە، نەک ئەو بیابانە بەستووەی ئێستا.
ئاشوین ڤاسافادا، زانای پڕۆژەی کیوریۆسیتی لە ناسا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ئەنجامانە دەریدەخەن مەریخ تەنها شیاوی ژیان نەبووە، بەڵکو ئاستی شیاوبوونەکە زۆر زیاتر بووە لەوەی چاوەڕوان دەکرا.
کیوریۆسیتی لە ساڵی 2012 لە ناوچەی «گێل کریتەر» نیشتەوە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە چیاکاندا گەڕاوە بۆ گەیشتن بە چینە قوڕینەکان.
دۆزینەوەی بەڵگەی قوڕی بەردبووی دەریاچە کۆنەکان و بەردی لمین کە بەهۆی ڕێڕەوی ئاوەوە دروستبوون، ئاماژەن بۆ ئەوەی ئاو لە ڕابردوودا لەوێ هەبووە.
تیمەکە ناوی «ماری ئانینگ»یان لەو ناوچەیە نا کە نموونە لێی وەرگیراوە، کە 21 گەردیلەی تێدا دۆزراوەتەوە، لەنێویاندا پێکهاتەی ئەڵقەیی نایترۆجینی کە بەشێکن لە سەرەتاکانی دروستبوونی DNA و RNA هەروەها دۆزینەوەی «بێنزۆتیۆفین» کە گەردیلەی کاربۆن و گۆگردی هەیە، ئەگەری ئەوە بەهێز دەکات کە ئەم ماددانە لە ڕێگەی پێکدادانی نەیزەکەکانەوە گەیشتبێتنە سەر هەسارەکە، هەمان ئەو پرۆسەیەی ڕەنگە هۆکار بووبێت بۆ گەیاندنی کەرەستەی سەرەتایی ژیان بۆ سەر زەوی.
لەگەڵ ئەوەی ئەم دۆزینەوانە وێنەیەکی سەرنجڕاکێش لە ڕابردووی مەریخ دەکێشن، بەڵام زانایان جەختدەکەنەوە کە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی بوونی ژیان لە دەرەوەی زەوی، پێویستە ئەو نموونانە بگەڕێنرێنەوە بۆ سەر زەوی تا لە تاقیگە پێشکەوتووەکاندا بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.
سەرەڕای کێشە داراییەکان لە بەرنامەکانی گەڕاندنەوەی نموونەکان، هێشتا ئەمە بە پێویستییەکی مێژوویی بۆ مرۆڤایەتیی دەزانرێت.