پەیامێک بۆ دایکان و باوکان: کاتی تاقیکردنەوەکان کاتی دروستکردنی ئارامییە

هەمەڕەنگ

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 85 جار خوێندراوه‌ته‌وه


تاقیکردنەوە تەنها پێوانەکردنی ئاستی منداڵەکانمان نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی سەبر و پشتگیری ئێمەشە وەک خێزان. بۆ ئەوەی منداڵەکانمان باشترین ئەنجامیان هەبێت، پێویستە ئەم چەند خاڵە لەبەرچاو بگرین:

ماڵ بکەنە ژینگەی خوێندن: لەم ماوەیەدا هەوڵ بدەن هاتووچۆی میوان و چوونە دەرەوە بۆ میوانی کەم بکەنەوە. منداڵ پێویستی بە بێدەنگی و تەرکیز هەیە، نەک دەنگی قەرەباڵغی و کۆبوونەوە.
دوورکەوتنەوە لە کێشە: هەوڵ بدەن کێشە خێزانییەکان لەبەردەم منداڵەکاندا باس نەکەن. دڵەڕاوکێی ماڵەوە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر مێشکی خوێندکار و توانای لەبەرکردنی کەمدەکاتەوە.
ڕێزگرتن لە ماندووبوونیان: بە چاوێکی پڕ لە ڕێز و بەزەییەوە سەیری منداڵەکانتان بکەن. وشەی هاندەر بەکاربهێنن وەک "من دڵنیام تۆ هەوڵی خۆت دەدەیت" لەبری فشار دروستکردن و هەڕەشەکردن.
گرنگیدان بە تەندروستی: ئامادەکردنی ژەمە خۆراکە تەندروستەکان و دابینکردنی کاتی پێویست بۆ خەو، یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی مێشکیان چالاک بێت.
کەمکردنەوەی شاشەکان: باشترە گەورەکانیش لەم ماوەیەدا بەکارهێنانی مۆبایل و تەلەفزیۆن کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی منداڵەکە هەست بە دادپەروەری بکات و هان بدرێت بۆ خوێندن.
گەشت و سەیران بۆ کاتێکی تر:
تکا لە دایکان و باوکان دەکەین، لەم ماوەیەدا گەشت و سەیران و چوونە دەرەوەی بێ مه‌به‌ست ڕابگرن. کاتێک منداڵەکەت دەبینێت خێزانەکەی خەریکی خۆشی و گەڕانن، هەست بە تەنیایی و پەستانێکی دەروونی زۆر دەکات کە ناتوانێت تەرکیز بخاتە سەر کتێبەکانى.
داوای لێبوردن لە میوانەکان بکەن:
میوانداری و کۆبوونەوەی خێزانی، هەرچەندە خۆش بێت، بەڵام بۆ خوێندکارێک کە پێویستی بە بێدەنگییە، دەبێتە هۆی پچڕانی تەرکیز. ئاساییە بە ڕووخۆشی داوای لێبوردن لە خزم و دۆستان بکەن و پێیان بڵێن: "بەهۆی تاقیکردنەوەی منداڵەکانەوە ناتوانین لە خزمەتتان بین.
ژینگەی ماڵ کاتێک پڕ بێت لە دەنگەدەنگ و گفتوگۆی لاوەکی، مێشکی خوێندکار ماندوو دەکات. ڕێز لەو ماندووبوونە بگرن و ماڵەکە وەک کتێبخانەیەکی بێدەنگی لێ بکەن تا منداڵەکانتان هەست بە پشتیوانی ئێوە بکەن.
دڵنەوایی و ڕێز:
لەم ماوەیەدا منداڵەکان لە هەموو کات زیاتر هەستیارن. دوورکەونەوە لە دروستکردنی کێشە و  پرسیارو تورەبوون ، بە ڕێز و خۆشەویستییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن تا بە دڵێکی ئارامەوە بچنە هۆڵی تاقیکردنەوە.
سەرکەوتنی منداڵەکانمان، گەورەترین سەیران و خۆشییە بۆ هەموومان.
شنە باباعلی