شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (The National)، عێراق پلانی هەیە 20 سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو لە تورکیا
بکڕێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، فەریق ڕوکن سەعد حەربییە لە میانی بەشداریی
لە پێشانگای( SAHA Expo 2026 ) لە ئەستەنبوڵ ڕایگەیاندووە کە عێراق هەوڵ دەدات
توانا بەرگرییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی درۆن و مووشەک پەرەپێ بدات،
بەتایبەت دوای ئەو هێرشانەی لە کاتی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا کرانە سەر
دامەزراوە سەربازییەکان.
ئەوەش هاتووە: لە ناو لیستی خواستەکانی عێراقدا، سیستەمی (SIPER)ی دوورمەودا دیارترینە
کە مەودای وەشانی نوێی دەگاتە 180 کم و ڕادارەکەی تا 600 کم کار دەکات.
هەروەها بایەخ بە
سیستەمی (HISAR-O) دەدرێت بۆ مەودای 30 و (HISAR-A) بۆ مەودای
کورت تا 15کم . جگە لەمانە،
عێراق دەیەوێت سیستەمی (KORKUT)ی دژە درۆن و
مووشەکی (SUNGUR) بەدەست بهێنێت
کە مەودای 8 کم هەیە.
چاودێران پێیان وایە پەنابردن بۆ بژاردەی تورکی بۆ عێراق
بە بژاردەیەکی گونجاو دادەنرێت، چونکە پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیا هاوسەنگییان
لە نێوان تەکنەلۆژیای سەردەم و تێچووی کەمدا درووست کردووە.
جگە لەوەی تورکیا لە پرۆسەی هەناردەکردنی چەکدا ئاسانکاریی
دەکات و بە پێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، مەرجی سیاسی و سەربازیی ئاڵۆز بۆ
فرۆشتنی چەک بەسەر عێراقدا ناسەپێنێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی