شارپرێس:
وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕونکردنەوەیەک لەبارەی ڤایرۆسی هانتا بڵاودەکاتەوەو
دەڵێت،" تا ئێستا هیچ گومانلێکراوێک یان حاڵەتێک یان بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە
بوونی نیە لە هەرێمی کوردستان ".
وەزارەتی تەندروستی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەماوەی هەفتەی ڕابردووەوە زۆر بەووردی
چاودێری دۆخەکەمان کردوەو بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی WHO بەدواداچونمان
ئەم حالەتە کردوە ".
ئەوەشیخستەڕوو،" تا ئێستا هیچ گومانلێکراوێک یان حاڵەتێک یان
بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی هانتا بونی نیە لە هەرێمی کوردستان سەڕەڕای ئامادەکاری
بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی و زانیاری تەکنیکی و ڕێنمایی پەیوەندیدار و ڕێگەی
پشکنین و تاقیگە و چارەسەرییە پێویستیەکان و هۆشیاری تەندروستی دەگیرێتەبەر
لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و
نێودەوڵەتیە پەیوەندارەکان ".
وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت،" هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە لە
ئێستادا هیچ سنوردارکردنێکی گەشت و بازرگانی و جوڵەی هاوڵاتیان پەیوەست بە ڤایرۆسی
هانتا لەسەر ئاستی ناوەخۆ و نێودەوڵەتی لەئارادا نیە، تەنها ڕێوشوێنەکانی
تەندروستی گشتی جەخت لەسەر چاودێریکردن و پتەوکردنی بەرنامەی پەتازانی بۆ زوو
دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی حالەتەکان و ڕۆشنبیری تەندروستی و پاکوخاوێنی ژینگە و
ڕێگریکردن لە بەرکەوتنی قرتێنەر ڕێککاری هەنووکەییە ".
ڤایرۆسی هانتا Hantavirus نەخۆشیەکی ڤایرۆسی گواستراوەیە لەڕێگەی
قرتێنەرە توشبوەکان بە بەرکەوتن لەگەڵیاندا یان لەگەڵ دەرهاویشتەکانیان دەگوازرێتەوە، هەوکردن ڕودەدات بە هەڵمژینی تۆزی پیسبوو بە دەرهاویشتەکانی قرتێنەری تووشبوو بەتایبەتی لەکاتی پاککردنەوەی شوێنە داخراوەکان یان هەواگۆڕکێی خراپ.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی
تەندروستی جیهانی WHO،
هەموو ساڵێک پێشبینی دەکرێت لەنێوان ١٠ بۆ زیاتر لە ١٠٠ هەزار حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی
هانتا لەجیهاندا ڕوبدات، نیشانەکانی وەکو (تا، ماندوبونی زۆر، سەرئێشە، ئازاری سک
و ماسولکەکان و ڕشانەوە و کۆکە و تەنگەنەفەسی لە حاڵەتە توندەکاندا دەردەکەوێت و ڕێژەی
مردن لە ٢٠٪ بۆ ٥٠٪ دەبێت.
