شارپرێس:
لەدانیشتنێکی داخراوی لیژنەی دەرەوەو ئاسایش، ئەیال زەمیر بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بەرگرییو سەرۆکی پێشوی دەستەی ئەرکانى سوپاى ئیسرائیل پێشبینییەکی مهترسیدارى ئاشكراكردو ڕایگهیاند، "هەزاران شەڕکەر لەسیستەمەکە دەردەکرێن"، نوێنەری بەشی هێزی مرۆیی هۆشداریدا، "سەربازانی یەدەگ بەردەوامدەبن لەئەنجامدانی 100 ڕۆژ خزمەتی یەدەگ لەساڵێکدا".
لەوتووێژێکی نهێنیدا کە لەلیژنەی دەرەوەو ئاسایشی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) بەڕێوەچوو، ئەیال زەمیر هۆشدارییەکی مهترسیدارى ئاشكراكرد، بهگوێرهى کەناڵی i24NEWSى ئیسرائیلى، زەمیر بۆ ئامادەبوانی ڕونکردوهتەوە، سوپای ئیسرائیل لەخاڵێکی داڕمانی مەترسیدار نزیک دەبێتەوە.
بهگوێرهى وتەکانی زەمیر، "چاوەڕواندەکرێت کەمیی هێزی مرۆیی لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا بگاتە لوتکە، لەکانونی دوەمی 2027دا، بەهۆی کورتکردنەوەی ماوەی خزمەتکردن بۆ 30 مانگ، سوپای ئیسرائیل هەزاران شەڕکەری دیکە لەدەستدەداتو سوپای یەدەگ بهیهكجارى دەڕوخێتو كۆتایی دێت".
جەختیکردەوە، ئەو هیچ یاسایەکی تایبەت بەسەربازگرتن ناسەپێنێت، بەڵام داوای لەئاستی سیاسیی کرد، یاسایەک دەربکەن کە دابینکردنی ژمارەیەکی پێویست لەشەڕکەر بۆ ئەرکە زۆرەکان گرهنتی بکات.
لاى خۆیشیهوه عەمید شای تایب لەدەستەی ئەرکان لەکاتی وتووێژەکەدا زانیارییەکی دیكهى نیگەرانکەری خستەڕوو وتى، "واتای کەمیی شەڕکەرە نیزامییەکان ئەوەیە کە باری سەرشانی سوپای یەدەگ تەنها خراپتر دەبێت، بهگوێرهى پێشبینییەکانیش، شەڕکەرانی یەدەگ ناچاردەبن لەساڵێکدا نێوان 80 بۆ 100 ڕۆژ خزمەت بکەن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئۆپەراسیۆنییەکان".
گادی ئایزنکۆت سەرۆکی پێشوی دەستەی ئەرکانو سەرۆکی پارتی یەشەر لهوبارهیهوه دهڵێت، "ئەو ئاستە سیاسییەی کە ئێمەی گەیاندە حەوتی ئۆکتۆبەر، هۆشدارییەکی دیكهى پێدەگات، بۆ جارێکی دیكه کە نازانم چەندەمین جارە، لەلایەن بەرپرسانی سەربازییەوە کە هۆشداریدەدەن لەزیانگەیاندن بەسوپاو پێویستیی بەپەلە بەشەڕکەرو سەربازی زیاتر، بەڵام دوبارە ئاستی سیاسی لەبەرپرسیارێتی ڕادەکاتو بەرژەوەندیی سیاسیی دەخاتە پێش ئاسایشی دەوڵەتەوە".
هەروەها ئایزنکۆت ئهوهشى وت، "حکومەتێک کە داوای سەربازی بۆ هەموان نەکات، لەکاتێکی چارەنوسسازدا بۆ ئیسرائیل، حکومەتێکە شایەنی ئەوەنییە تەنانەت بۆ ڕۆژێکی دیكهش لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوە، لەهەڵبژاردنی داهاتودا، سەرکەوتن بۆ هاوپەیمانییەکی ئیسرائیلى نیشتمانی بەدەستدەهێنین کە سەربازی بەسەر هەمواندا دەسەپێنێت، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی فەرمی دادەمەزرێنێتو چەمکی ئاسایشی نیشتمانی وەک ئەرکێکی یاسایی دادەڕێژێتەوە، ڕۆژانی گۆڕینەوەی بەرپرسیارێتیو کەمتەرخەمی کۆتاییهات".
لەمانگی نیساندا، دادگای باڵا دانیشتنێکی ئەنجامدا سەبارەت بەداواکارییەک بۆ سوکایەتیکردن بەدادگا لەو تانانەی کە داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵا دەکەن سەبارەت بەسەربازگرتنی (حەریدییەکان ـ واته جولەکە ئۆرسۆدۆکسە توندڕەوەکان) لەسوپای ئیسرائیلدا، لهو ڕوهشهوه پارێزەر گیلعاد بارنیا نوێنەری پێشکەشکارانی تانەکان، لەسەرەتاوە ڕونیکردەوە، گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی هەر پەیمانگایەکی حەریدی کە بەردەوامبێت لەسودمەندبون لەپاڵپشتی دارایی دەوڵەت، پێویستە.
دادوەرەکان پرسیاریان لەنوێنەری داواکاری گشتیی کرد سەبارەت بەبێبەشکردنی ئەوکەسانەی لەسەربازی ڕادەکەن لەئیمتیازاتەکان، وەک مافی بەشداریکردن لەتیروپشکی نیشتەجێبون بۆ شایستەکانو وەرگرتنی لێخۆشبون لەباجی (ئەرنۆنا) بۆ دامەزراوەکان، ئەویش لەوەڵامدا وتی، "کەس فەرمانی دەرنەکردوە کە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدرێت".