ده‌زانن پایدارییه‌كانی ئێران كێن؟ ئاستەنگە توندڕەوەکەی بەردەم دیپلۆماسیی تاران‌و واشنتۆن

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکا بەردەوامن، گروپێکی توندڕەوی ناوخۆیی ئێران بەناوی (به‌ره‌ی پایداریی یان بەرەی خۆڕاگریی) بوەتە هۆی دروستکردنی فشارێکی زۆر لەسەر بڕیارە سیاسییەکانی تاران.


به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ئەم گروپە کە خاوەن نفوزێکی فراوانن لەنێو پەرلەمان‌و ناوەندە بڕیاربەدەستەکاندا، بەتوندی دژی هەر جۆرە گفتوگۆیەک‌و ڕێککەوتنێکن لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد تره‌مپ.

سەرەڕای ئەوەی تره‌مپ‌و بەرەی پایداری هەردولا ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 بەهەڵە دەزانن، بەڵام هۆکارەکانیان جیاوازن؛ پایدارییەکان پێیانوایە، ئەو ڕێککەوتنە تەسلیمبون بوە لەبەرامبەر ڕۆژئاوا.

چاودێرانیش ئاماژە بەوەدەکەن، جوڵەکانی ئەمدواییەی ئەم بەرەیە، نیشانەی بونی جیاوازییە لەنێو ماڵی سیاسیی ئێراندا، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی کە سیستەمی سیاسیی ئێران دەیەوێت یەکدەنگی خۆی بپارێزێت، لەبەرامبەریشدا، حکومەتی ئێران هەوڵدەدات لەڕێگەی بەشداریپێکردنی ئەندامانی ئەم گروپە لەهەندێک کۆبونەوەی دیپلۆماسیدا، ڕێگریی لەپەکخستنی پڕۆسەی دانوستانەکان بکات.

ئەم ململانێ ناوخۆییەی ئێران لەکاتێکدایە، کە هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ واشنتۆن پێویستی بەسازانی هەموو باڵە دەسەڵاتدارەکانی تاران هەیە بۆ ئەوەی بەرگەی فشارە دەرەکییەکان بگرێت.

ئەم گروپە کە خۆیان بەپارێزەری ڕاستەقینەی ئایدۆلۆژیای شۆڕشی 1979 دەزانن، سیاسەتێکی توندتر لەپارێزگارە نەریتییەکانی ئێرانیان هەیە، ئەوان پێیانوایە تەنها ڕێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ واشنتۆن، شکستپێهێنانی ئەمریکایە پێش هەر جۆرە دانیشتنێک.

پایدارییه‌كان تەنها لەژورە داخراوەکاندا کارناکات، بەڵکو ستراتیژییەکی سێ قۆڵی گرتوەتەبەر بۆ پەکخستنی دیپلۆماسی، ئه‌وانیش (په‌رله‌مان، شه‌قام‌و میدیا)، له‌یه‌كه‌میاندا بەکارهێنانی کورسی‌و نفوزی خۆیان‌و فشارخستنه‌سه‌ر وەزیرو دانوستانکاران، له‌دوه‌میشدا ڕێکخستنی گردبونەوەو دروستکردنی ناڕەزایەتی جەماوەرییه‌و سێیه‌میش بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەیه‌ دژی هەر بەرپرسێک کە هەوڵی نەرمیی نواندن بدات.

ئەم ململانێیەش لەکاتێکدایە، دەسەڵاتی باڵا لەئێران دەیەوێت لەم قۆناغە هەستیارەدا وێنەیەکی یەکگرتوو نیشانی جیهان بدات، بەتایبەت لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی کە ڕوبەڕوی سیستەمەکە دەبنەوە، چاودێرانیش ئاماژە بەوەدەکەن، تەنانەت هەوڵەکانی دەسەڵاتیش بۆ ژیرکردنەوەو کۆنترۆڵکردنی ئەم گروپە تائێستا ئەنجامێکی ئەووتۆی نەبووە.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، وەک هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی ئەم دەنگە ناڕازییانە، حکومەتی ئێران لەمدواییانەدا پەنای بۆ تاکتیکێکی نوێ بردوە، ئەویش بەشدارپێکردنی هەندێک لەئەندامانی ئەم بەرە توندڕەوەیە لەتیمە دانوستانکارەکاندا، وەک ئەوەی لەکۆبونەوەکانی پاکستا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ڕویدا، ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ ئەوەی پایدارییەکان لەناوەوە ببنە بەشێک لەپڕۆسەکەو نەتوانن لەدەرەوە هێرشی بکەنەسەر.

بەپەلە