شارپرێس:
بەڕێوەبەری پێشوی دژە تیرۆری ئەمریکا نیگەرانە لەوەی ئیسرائیل وڵاتەکەی لەجەنگی ئێرانەوە گلاندوەو لەبارەی كوردیشەوە دەڵێت،" لەبری ئەوەی ترەمپ لەكورد توڕە بێت کە جەنگیان بۆ ئەمریکا نەکردوە، دەبێت سەرزەنشتی ئیسرائیل و نزیکەکانی خۆی بکات".
جۆی کێنت، بەڕێوەبەری پێشوی ناوەندی نیشتمانیی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، لە هەژماریتایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە،" سەرۆک ترەمپ بێئومێدو نیگەرانە، چونکە ئیسرائیلییەکان خەیاڵپڵاویان پێ فرۆشتوە".
کێنت دەشڵێت،"لەبری ئەوەی ترەمپ لەكورد توڕە بێت کە جەنگیان بۆ ئەمریکا نەکردوە دژی ئێران، لەکاتێکدا هاوبەشێکی سەرەکیی ئێمەن لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆردا، دەبێت سەرزەنشتی ئیسرائیل و نزیکەکانی خۆی بکات کە وڵاتەکەیان لەم جەنگەوە گلاندووە، چونکە ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل پەلکێشکردنی ئەمریکا بوو بۆ شەڕەکە، نەک ئەو خەیاڵپڵاوەی دەیفرۆشن بە دروستی کار بکات."
دەشڵێت،"ڕازیکردنی ترەمپ بە پڕچەککردنی کوردەکان لەسەر بنەمای ئارەزوو بووە نەک واقیع لەسەر زەوی."
ئەم قسانەی جۆی کێنت لەکاتێکدایە، جارێکی دیکە ترەمپ دۆسیەی چەکە براوەکانی وروژاندەوە.
جۆی کێنت وەک بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەهۆی نارەزاییەتی لەجەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران لە مانگی ئازاری ئەمساڵ دەستی لەکارەکەی کێشایەوە.
