شارپرێس:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی بانک و دامەزراوە داراییەکانی سەرجەم وڵاتان کرد سەبارەت بەهەوڵەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ خۆدزینەوە لەسزاکان، بەتایبەتیش عێراق ئاگاداردەكاتەوە كەڕێگە نەدەن دۆلار بەدەستی ئێران بگات.
تۆڕی بەرەنگاربونەوەی تاوانە داراییەکان (FinCEN) سەر بەوەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، ئەم هۆشدارییە بەئامانجی یارمەتیدانی بانکەکانە بۆ ناسینەوەی ئەو تۆڕانەی دابینکردنی دارایی، کە پشتگیری لەسوپای پاسداران دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی فینسێن، سوپای پاسداران سود لەکۆمپانیا وەهمییەکان، ژێرخانی دراوە دیجیتاڵییەکان و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری وەردەگرێت بۆ ئەوەی خۆی لەسزاکانی ئەمریکا بپارێزێت.
لەهۆشدارییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، چالاکییە داراییەکانی ئێران لەرێگەی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە (کریپتۆ) گەیشتوەتە ملیاران دۆلار لەساڵێکداو حکومەتی ئێران و سوپای پاسداران ئەم رێگەیە بۆ کڕینی پێداویستییە سەربازییەکانیان بەکاردێنن.
هاوكات، لەهۆشدارییەكەدا جەخت كراوەتەوە، كەوڵاتانی درواسێی ئێران، لەناویاندا عێراق دەبێت ئاگاداری ئەم هۆدشارییە بیت.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی گەنجینە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئاگربەست لەگەڵ ئێران تەنیا 1% هیوای ژیانی ماوەو پێشنیازەکانی تارانی بۆ ئاشتی ڕەتکردەوە.
