شارپرێس:
بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران، نرخی (ترشی کبریتیک ـ Sulfuric Acid) بەشێوەیەکی خێرا بەرزبوەوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لای جیهان دروستکردوە سەبارەت بەدەستکەوتنی ئەم مادەیە کە بڕبڕەی پشتی بەرهەمهێنانی خۆراک، کانزاکان، کاغەز، چیپی ئەلیکترۆنیو ئاوی پاکە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوەکردوە، ترشی کبریتیک بەپڕبەکارهێنەرترین مادەی کیمیایی لەجیهاندا دادەنرێت، ئەم مادەیە لەڕێگەی پاڵاوتنی کانزاکانی وەک مسو نیکل، یان سوتانی کبریت (کە پاشماوەی پاڵاوتنی نەوتو غازە) بەرهەمدەهێنرێت.
بەشێکی زۆری کبریتی جیهان لەپاڵاوگەکانی نەوتو غازی وڵاتانی کەنداوەوە دهستدهكهوێت، بەڵام بەهۆی داخرانی گەروی هورمزەوە، ناردنی ئەم مادەیە پەکیکەوتوە، لەبەرامبەر ئەمەدا، چین کە گەورەترین بەرهەمهێنەری کبریتە لەجیهان، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراکی خۆی، سنورداری خستوەتەسەر هەناردەکردنی ئەم مادەیە، ئەمەش بوەتە هۆی گرانبونی زیاتری نرخەکەی.
کاریگەرییەکان لەسەر پیشەسازییو وڵاتان بهشێوهیهكى بهرچاو ڕهنگیداوهتهوه، بۆ نمونه لهئیندۆنیزیا نرخی کبریت زیاتر لە 80٪ بەرزبوەتەوە، ئەمەش وایکردوە کانییەکانی نیکل (کە بۆ پاتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەکاردێن) بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە، ههروهها چیلی کە گەورەترین بەرهەمهێنەری مسی جیهانە، نرخی ترشی کبریتیک تێیدا بوهته دوو هێندە، ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر بڕی مسی بەردەست لەبازاڕەکاندا، هەرچەندە ئەمریکا بەهۆی هاوردەکردن لەمەکسیکو کەنەداوە تاڕادەیەک پارێزراوە، بەڵام کەمبونەوەی مسو کانزاکان لەبازاڕی جیهانیدا، کاریگەری ڕاستەوخۆ دەخاتەسەر ئابورییەکەی.
ترشی کبریتیک مادەیەکی زۆر مەترسیدارەو گواستنەوەو کۆگاکردنی زۆر قورسو تێچوی زۆرە، بۆیە کارگەکانی جیهان ناتوانن بڕێکی زۆری لێ پاشەکەوت بکەن، هەر پچڕانێک لەگەیشتنی ئەم مادەیە، بەواتای وەستانی کارگەکانی پەیین (سهماد)، پیشەسازییە قورسەکانو تەنانەت پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوەش دێت.
