شارپرێس:
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، سبەی چوارشەممە دەست بەدابەشکردنی
موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی شەممە
کۆتایی بەدابەشکردنی موچەی ئەو مانگە دێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم
لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەگەڵ ئەوەی بەپێی
خشتەکە موچەی خانەنشینانی سەربازی بە شێوەی کاش ڕۆژی پێنجشەممە دابەش دەکرێت، بەڵام
ئەو خانەنشینانەی لەڕێی پرۆژەی هەژماری من مووچە وەردەگرن دەتوانن سبەی چوار شەممە
موچەکانیان لە ڕێی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ( ATM ) وەربگرن ".
پێشتر، وەزارەتی دارایی لەڕاگەیەنراوێکی دیکەدا باسی لەوەکردبوو،" دوایین گوژمەی تەمویلی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق کە بڕی 961 ملیار و 736 ملیۆن دینارە".
ئەوەشیخستەڕوو،" هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی نیسان وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ 16 ملیار و 624 ملیۆن و 814 هەزار و 478 دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی نیسان نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی".