ئێران خۆی بۆ هێرشی نوێی ئەمریکا ئامادەدەکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 185 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی ئەرتەشی ئێران لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتەکەی، هۆشداری دەداتە ئەمریکاو دەڵێت، "بەئامرازو شێوازی نوێوە بەرەی نوێیان لەدژ دەکەنەوە."

 
پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرتەشی ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، ڕایگەیاندوە، محەممەد ئەکرەمی‌نیا، وتەبێژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەکۆبونەوەی لایەنگرانی حکومەت لەگۆڕەپانی وەلیعەسری تاران ئامادە بوەو لەسەر شەڕ لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، ئاگربەست و گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، وتارێکی پێشکێش کردوە.
 
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وتەبێژی ئەرتەشی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە، "کۆماری ئیسلامیی ئێران گەمارۆ نادرێت و تێکناشکێت" و ڕایشیگەیاندوە، "ئەگەر دوژمن هەڵە بکات و دوبارە بکەوێتە داوی زایۆنییەکانەوە و دەست بۆ دەستدرێژییەکی دیکە بۆ سەر ئێران ببات، بە ئامراز و شێوازی نوێوە بەرەی نوێیان دژ دەکەینەوە."

محەممەد ئەکرەمی‌نیا ئاماژەی بە ئامادەیی سوپای ئێران لەماوەی ئاگربەستدا کرد و وتی، "ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەردەمی ئاگربەست وەک سەردەمی جەنگ دەبینێت و ئەم دەرفەتەی بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی بەکارهێناوە".