ڕەزایی بۆ ئەمریکا: یان تەسلیمی مەرجەکانمان دەبن یان هێزی موشەکەکانمان تاقیدەکەنەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1520 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تاران زمانى هەڕەشە توندتر دەکات‌و وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی له‌په‌رله‌مانى ئێران هۆشداریی کۆتایی دەداتە ئەمریکاو ڕایدەگەیەنێت، واشنتۆن تەنها دوو بژاردەی لەبەردەمدایە، یان چۆکدادان بۆ مەرجەکانی ئێران، یان ڕوبەڕوبونەوەی هێزی وێرانکەری موشەکەکان‌و چونە ناو قۆناغی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 90٪.


ئیبراهیم ڕەزایی وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی‌و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران هۆشداریدا لەوەی هەر دەستدرێژییەک بۆسەر ئێران بەوەڵامێکی توندتر بەرەوڕوو دەبێتەوەو جەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەموو سیناریۆ ئەگەرییەکان کردوەتەوە.

ئیبراهیم ڕەزایی كه‌ فەرماندەی پێشوی سوپای پاسدارانه‌ پەیامێکی توندی ئاراستەی واشنتۆن کردو ڕایگەیاند، "سەردەمی سەپاندنی مەرجەکان بەسەر ئێراندا کۆتاییهاتوە".

ڕەزایی جەختیکردەوە، "ئەمریکا تەنها دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە یان خۆبەدەستەوەدان بۆ مەرجە یاسایی‌و ڕەواکانی ئێران، یان ڕوبەڕوبونەوەی هێزی موشەکی تاران".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەیی سەربازیی ئێران لەئاستێکدایە کە ڕێگە بەهیچ هەڵەیەکی ئەمریکا نادات‌و هەر هەوڵێکی سەربازیی بەوەڵامێکی وێرانکەر کۆتایی دێت.

ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە کە تاران جەختدەکاتەوە، لەسەر پاشەکشێنەکردن لەمافە ئەتۆمیی‌و ئابورییەکانی خۆی، سەرەڕای فشارە بەردەوامەکانی ئیدارەی ترەمپ.

ئەم پەیامە وەک وەڵامێکی توند دەبینرێت بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا، کە تێیدا تاران دەیەوێت بیسەلمێنێت کە دیپلۆماسییەتی موشەک هاوشانی دانوستانە سیاسییەکان کاردەکات.