پەیامێکی توند لەتارانەوە بۆ واشنتۆن: هەر هەڵەیەکی ستراتیژیی بکەن دەستتان دەبڕین

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4123 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ باس لەڕاگرتنی کاتیی هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان دەکات، فەرماندە باڵاکانی ئێران زەنگی هۆشداریی توند لێدەدەن‌و ڕایدەگەیەنن، هەر هەڵەیەکی واشنتۆن، وەڵامێکی بێبەزەییانە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.


لیوا عەلی عەبدوڵڵاهی فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاته‌مولئه‌نبیا پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کردو ڕایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا توشی هەڵەی ستراتیژیی ببێت، ئێران بەهێزێکی زۆر توندتر لەجاران ڕوبەڕویان دەبێتەوە".

جەختیکردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیەو بەخێرایی‌و بەشێوەیەکی بەرفراوان وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەنەوە، ده‌شڵێت، "بەڵێنمانداوه‌ ئێران بەهەموو هێزی خۆیەوە بەرگریی دەکات‌و دەستی هەر دەستدرێژکارێک دەبڕێت".

ئەم لێدوانە دوای ئەوەدێت، دۆناڵد ترەمپ ڕایگه‌یاند، هێرشێکی سەربازیی بۆسەر ئێران ڕاگرتوە، دەشڵێت، "لەسەر داوای سەرکردەکانی (سعودیە، قەتەرو ئیمارات) هێرشەکەم ڕاگرتوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بەدانوستانەکان بده‌ین".

لەهەمانکاتدا، ترەمپ فەرمانیداوە هێزەکانی ئەمریکا لەهەر چرکەیەکدا ئامادەی هێرشێکی گشتگیربن ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتنێکی پەسەندکراو.

سەرەڕای ناردنی پێشنیاز لەڕێگەی پاکسـتانەوە، سەرچاوە ئێرانییەکان دەڵێن، ناكۆكیه‌ بنەڕەتییەکان هێشتا ماون بەهۆی ئەوەی ئەمریکا ڕاستگۆ نییەو تارانیش ئامادەنییە لەمافە سەرەکییەکانی خۆیی‌و پرسی کۆتاییهێنان بەجەنگ پاشەکشه‌ بکات.

ناوچەکە لەنێوان دانوستانی توندو تەقینەوەی سەربازیدایە، تاران بەنیشاندانی هێز دەیەوێت بەواشنتۆن بڵێت، هەڕەشەکان نایترسێنن، لەکاتێکدا ترەمپ دەیەوێت لەڕێگەی دیپلۆماسییەتی هێزەوە مەرجەکانی بەسەر تاراندا بسەپێنێت.