شارپرێس:
بەپێی هەواڵێکی دزەپێکراوی ناوەندە بیرمەندە ئەمنییەکانى ئێران، ستراتیژی
نوێی ئێران ئەگەر هەیە بەم شێوەیە بێت:
شیکردنەوەی ئەحمەد وەحیدی و عەبدوڵڵاهی لە ئەنجومەنی ئاسایشى ئێران ئەوە
بوو کە ئەگەر یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە بکەوێتە ململانێیەکی سەربازییەوە دژ بە ئێران،
ئەمریکا بەخێرایی پاشەکشە دەکات بۆ ئەوەی تێچووی ماددی و سەربازی شەڕەکە بکەوێتە سەر
شانی وڵاتانی ناوچەکە. دەرەنجامی ناوەندەکانى بیری ئێران یەک ڕستەیە کە دەڵێت: بۆ
ئێمە ٨ ساڵ شەڕ لەگەڵ ئەم وڵاتانە باشترە لە ٨ مانگ شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا.
بڕیارنامەی نوێ چییە؟ ئیستفزازی کۆنترۆڵکراوى ئیمارات و بەحرەین بۆ
وروژاندنی ململانێی سنووردار. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، کەسایەتییە پلە دوو و سێ و کەسایەتییەکانی
وەک شەریعەتمەداری، موخبەر، مۆتیێی، ڕەسایی و ڕائیفوور ڕیزیان گرتووە بۆ ئەوەی ئەم
دوو وڵاتە ناچار بکەن بە هەڕەشەی بەردەوام و داگیرکاری تا کاردانەوەیان هەبێت.
دووبارەبوونەوەی ئەم فۆرمولەیە بەڕێکەوت نییە؛ ئەمە ڕێک کۆپییەکی میتۆدی
خومەینییە لە ساڵی 1980 دا: بەردەوام ئیستفزازی عێراقى دەكرد بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی
درێژخایەن، بۆ ئەوەی لە قەیرانەکانی ناوخۆ ڕزگاری بێت و دەسەڵاتەکەی بچەسپێنێت.
ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ئیمارات و بەحرەین دەکەونە ئەو تەڵە و گەمەیە
و هەمان ستراتیژی ساڵی 1980 دووبارە دەبێتەوە؟
بەئامانجگرتنى وێستگەی کارەبای بەراکەی ئیمارات لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە،
پێدەچێت سەرەتاى جێبەجێکردنى ئەم ستراتیژە بێت.
