شارپرێس:
بەغدا شادەماری ئابوریی هەرێم دەکاتە ئامانج، تێپەڕبونی یەکەم کاروانی ترانزێت لەسوریاوە بەرەو عێراق، وەک دەستپێکی پلانێکی ستراتیژیی بۆ پەراوێزخستنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلو وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت کە ئامانج لێی گواستنەوەی چەقی بازرگانییە لەکوردستانەوە بۆ ڕێڕەوە جێگرەوەکان.
گرێ سپى؛ تێپەڕبونی یەکەم کاروانی ترانزێت بەرەو عێراق
لەهەنگاوێکی نوێو جێی بایەخدا، دەروازەی سنوری (گرێ سپى) لەنێوان تورکیاو سوریا، یەکەمین کاروانی بارهەڵگریی ترانزێتی بەخۆوە بینی کە لەخاکی تورکیاوە بەرەو عێراق بەڕێکەوتن، ئەو کاروانە بڕیارە لەڕێگەی دەروازەی یەعروبییە (ڕەبیعە)وە ڕاستەوخۆ بچێتە ناو خاکی عێراق، ئەمەش وەک گۆڕانکارییەکی ستراتیژی لەجوڵەی بازرگانی ناوچەکە دەبینرێت.
لێدان لەشادەماری ئابوریی هەرێم
چاودێرانی سیاسییو ئابوریی باس لەوەدەکەن، ئەم هەنگاوە تەنها کارێکی بازرگانی سادە نییە، بەڵکو بەشێکە لەستراتیژییەکی قووڵتری بەغدا بۆ کردنەوەی ڕێگەی جێگرەوە لەسوریاوە بۆ عێراق، فشارێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر دەروازەی نێودەوڵەتی (ئیبراهیم خەلیل).
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بڕبڕەی پشتی داهاتی هەرێمی کوردستانە، چالاککردنی ڕێڕەوی (تەل ئەبییەت ـ یەعروبییە) بەواتای کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق دێت بەو دەروازەیەو گواستنەوەی داهاتە گومرگییەکانە بۆ خەزێنەی حکومەتی ناوەندی بەبێ تێپەڕبون بەهەرێمدا.
گەمارۆیەکی بێدەنگ
ئەم جوڵە نوێیە وەک هەوڵێکی دیكهى بەغدا دەبینرێت بۆ تەنگپێهەڵچنین بەقەوارەی دارایی هەرێمی کوردستان، شارەزایان هۆشداریدەدەن، گۆڕینی ڕێڕەوی ترانزێت لەهەرێمەوە بۆ ناوچەکانی دیكهى سوریاو عێراق، دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بەکەرتی گواستنەوەو داهاتی ناوخۆیی هەرێم کە پێشتر ئیبراهیم خەلیل وەک تاكە دەروازەی سەرەکیو ستراتیژی نێوان تورکیاو عێراق لێی دەڕوانرا.
وهكو شرۆڤهكاران پێیانوایه، وا دەردەکەوێت بەغدا لەڕێگەی دیپلۆماسییەتی ڕێڕەوە جێگرەوەکانەوە، خەریکی نەخشەکێشانی قۆناغێکی نوێیە بۆ لاوازکردنی پێگەی ئابوریی هەرێمی کوردستانو کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بازرگانی دەرەکی.
