زەنگی مەترسی بۆ بودجەو موچە لێدراو وەزیری داراییش په‌یامێكى به‌په‌له‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1989 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زاره‌تى دارایى عێراق زەنگی مەترسی بۆ بودجەی عێراق لێده‌دات‌و وەزیرى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش هۆشداریدەدات کە وڵات لەبەردەم ئاڵنگارییەکی دارایی سه‌ختدایه‌، هاوكات بەهۆی كه‌مبونه‌وه‌و داڕمانی داهاتی نەوت‌و پاشەکشه‌ی هەناردەکردن، حکومەت بۆ دابینکردنی موچەو پابەندییە داراییەکانی، پەنا بۆ پەرلەمان‌و هەموارکردنەوەی یاساکان دەبات.


فالح سارى وەزیری دارایی عێراق، لەکۆبونەوەیەکی بەپەلەدا لەگەڵ هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند، وڵات ڕوبەڕوی دۆخێكى سه‌ختى دارایی بێوێنە بوەتەوە، هۆکاری ئەم مەترسییەش بۆ گۆڕانکارییە خێراکانی بازاڕی وزەو پاشەکشه‌ی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوت دەگەڕێتەوە.

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشکرد، کەمبونەوەی هەناردەی نەوت بوەتە هۆی کورتهێنانێکی گەورە لەداهاتی دەوڵەت، ئەمەش مەترسی دەخاتەسەر توانای حکومەت بۆ دابینکردنی پابەندییە داراییەکان لەوانەش موچەو خزمەتگوزارییەکان.

سارى جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم قەیرانەش، پێویستمان بەهەموارکردنەوەی چەند یاسایەک‌و دەرکردنی ڕێکاری نوێ هەیە تا بتوانین چاکسازیی دارایی ئەنجامبدەین".

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و لێدوانه‌دا، هەیبەت حەلبوسی پشتیوانی تەواوی پەرلەمانی بۆ هەنگاوەکانی وەزارەتی دارایی دەربڕیی‌و دۆخی ئێستای ئابوری عێراقی بەئاڵۆزو هەستیار وەسفکردوه‌.

وەزارەتی دارایی داوای کۆدەنگی نیشتمانی دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، چونکە ناتەبایی بازاڕی وزەو کەمبونەوەی هەناردە، بوەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆسەر ئاسایشی دارایی عێراق، شاره‌زایانى ئابوریش پێیانوایه‌، لێدوانەكه‌ى وه‌زیرى نوێى دارایی عێراق، ئاماژەیەکی ڕونن بۆ ئەوەی کە عێراق لەبەردەم قۆناغێکی سەختی کەمکردنەوەی خەرجییەکان‌و توندکردنەوەی ڕێکارە ئابورییەکاندایە.