شارپرێس:
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران ئێستا زیاتر لە سەدا ٥٠یە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە تەلئەبیب لە زیادبووندایە دوای وەرگرتنی پێشنیارێکی نوێی ئێرانی لەلایەن ئەمریکاوە، کە بەرپرسانی ئیسرائیل بە "شەرمەزارکەر و ناگونجاو بۆ پێشخستنی دانوستانەکان" وەسفیان کردووە.
ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل بە وردی چاودێری ڕێڕەوی دانوستانەکان دەکات و پێی وایە وەڵامی ئێران بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ ئیمتیازێکی ڕاستەقینەی تێدا نەبووە، بەمەش بژاردەی سەربازی لەسەر مێز دەمێنێتەوە.
بەرپرسان ڕایانگەیاندووە کە "هیچ نازانرێت لەگەڵ ترەمپ و کەسیش نازانێت کەی ڕەنگە بڕیارێک بدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ شەڕ.
سەرەڕای ئەوەش بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، ئەگەری کردەوەی سەربازی لە پێشوو زیاترە و "زۆر بە جددی وەردەگیرێت".