شارپرێس:
موقتەدا سەدر پشوی درێژی بەرامبەر نەیارەکانی کۆتاییهات، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە هۆشدارییەکی توند دەداتو ڕایدەگەیەنێت، چیتر بەرامبەر تۆمەتی سیخوڕییو بەکرێگیراوی بێدەنگنابێت، دهشڵێت، "ئەگەر دادگاکان ڕێکاری یاسایی نەگرنەبەر، ئەوا خۆم بهگوێرهى حوکمی شەریعەت سزای ئەوکەسانە دەدهم کە بوختانم بۆ هەڵدەبەستن".
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، وەڵامێکی توندی ئەوکەسانەی دایەوە کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانو میدیاکانەوە هێرشدەکەنەسەر هەڵوێستەکانیو ڕایگەیاند، چیتر بەرامبەر تۆمەتی بەکرێگیراوی بێدەنگ نابێت.
سەدر لەوەڵامێکدا بۆ لایەنگرانی، جیاوازییەکی ڕونی لەنێوان ڕەخنەی کەسیو تۆمەتی سیاسی کردو ڕایگەیاند، با هەرچی دەڵێن بیڵێن، ئەگەر ڕاستبکەن خوا لەمن خۆشبێتو ئەگەر درۆبکەن خوا لەوان خۆش بێت".
سەدر جەختیکردەوە، لەهەر کەسێک خۆشدەبێت جگە لەوانەی تۆمەتی بەکرێگیراوی بۆ بێگانە یان دوژمنایەتیکردنی ئەهلی بەیتی دەخەنە پاڵو نە لەدونیاو نە لەقیامەت لێیان خۆشنابێت.
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لەوکەسانە کرد کە ئەو تۆمەتانەی بۆ هەڵدەبەستنو وتی، "سەرەتا ڕێکاری یاسایی دەگرێتەبەرو دەیانباتە بەردەم دادگا".
هۆشدارییەکی توندیداو وتی، "ئەگەر دادگا مافەکانمان وەرنەگرێتەوە، ئەوا بهگوێرهى حوکمی شەریعەت مامەڵەیان لەگەڵ دەکەمو بێدەنگ نابم".
سەدر ئاماژەی بەمێژوی بنەماڵەکەی کردو ڕایگەیاند، "ئالی سەدر هەمیشە لەڕیزی پێشەوەی بەرگرییو عاشقانی ئەهلی بەیت بون، بۆیە ئەو دوو تۆمەتە بەهەوڵێک بۆ هەدرکردنی خوێنی خۆی دەبینێتو بەهیچ جۆرێک قبوڵی ناکات".
