جەنگی میرات یان قەزاو قەدەر؟ وارسەکەی مانگۆ بەتۆمەتی کوشتنی باوکی دەستگیرکرا

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1040 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیمپراتۆرییەتی جلوبەرگی جیهانی (مانگۆ) ڕوبەڕوی گەورەترین شۆک دەبێتەوە، دوای ئەوەی پۆلیسی ئیسپانیا جۆناسۆن ئەندیک-ی خاوەنی ئێستای کۆمپانیاکەی بەتۆمەتی کوشتنی باوکە ملیاردێرەکەی دەستگیرکرد.


چیرۆکەکە بۆ کانونی یەکەمی 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک (ئیسحاق ئەندیک)ی دامەزرێنەری مانگۆ لەگەڵ جۆناسۆنی کوڕیدا خەریکی شاخەوانی بون، باوکەکە لەلوتکەی شاخێکی بەرزەوە کەوتەخوارەوەو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، هەرچەندە خێزانەکەیی‌و کۆمپانیاکە هەوڵیاندا ڕوداوەکە وەک قەزاو قەدەر نیشانبدەن، بەڵام دادوەر گومانی لادروستبوو کوڕەکەی وەک تۆمەتباری سەرەکی ناساند.

ئەوەی گومانەکانی زیاترکرد، ئەوەبوو کە جۆناسۆن‌و خوشکەکانی ڕاستەوخۆ دوای مردنی باوکیان بونە خاوەنی ڕەهای سامان‌و دەسەڵاتی کۆمپانیای مانگۆ، پۆلیسی بارسێلۆنا هەڵیانکوتایەسەر ماڵی جۆناسۆن‌و بەکەلەپچەکراوی ڕەوانەی دادگایان کرد بۆ لێکۆڵینەوە.

وتەبێژی خێزانی ئەندیک ڕایگەیاندوە، هاوکاری دادگا دەکەن بۆ سەلماندنی بێتاوانیی کوڕەکەیان، بەڵام جیهانی فاشیۆن‌و جلوبەرگ بەنیگەرانییەوە دەڕواننە ئەم دۆسێیە، ئایا جۆناسۆن باوکی کردوەتە قوربانی بۆ گەیشتن بەتاج‌و تەختی مانگۆ، یان ڕاستییەکان بەجۆرێکی دیكه‌ن؟

ئەم کەیسە بوەتە ترێندی میدیاکانی جیهان، چیرۆکی کوڕێک کە لەنێوان میراتگرییەکی گەورەو زیندانێکی تاریکدا، چاوەڕێی بڕیاری دادوەر دەکات.