عێراق پشوەکانی جەژنی قوربانی دیاریکرد

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 130 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لە 26 تا 30ی ئایار بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لەسەرجەم دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق پشوی فەرمی بێت.


ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بڕیاردرا لە رۆژی سێشەممە، 26ى 5ى 2026وە تا  رۆژی شەممە، 30ى 5ى 2026 لەسەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پشوی فەرمی بێت.

ئەوەشیخستەڕوو، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا رۆژی پێنجشەممە، 4ى حوزەیران بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە بکرێت بە پشوی فەرمی.

جەژنی غەدیر بۆنەیەکی ئاینی تایبەتە بە شیعەکان و سەرباری ناڕەزایەتیی زۆر سوننەکانی عێراق، دواجار لە مانگی ئایاری 2024 پەرلەمانی عێراق ئەو جەژنەی بەفەرمی ناساند و ساڵانە لەو یادەدا لەعێراق دەکرێتە پشوی فەرمی، کە دەکەوێتە رۆژی 18 مانگی زیلحجەی کۆچی.