ئێران، ئیسرائیل بەئەنجامدەری هێرشەکانی سەر ئیمارات تۆمەتبار دەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 76 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
سەرچاوەیەکی سەربازی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی ڕاگەیاندووە، هێرشەکەی ئەم دواییەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ئیماراتی کردۆتە ئامانج، لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ هاندانی ئەبوزەبی بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی نەرێنی زیاتر لە ناوچەکەدا بگێڕێت.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە کە پلانەکە بۆ هاندانی ئیمارات بووە لە دژی ئێران و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی.

دوو ڕۆژ پێشتر و لە ١٧ی ئایاردا، وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕایگەیاند، سیتسمی بەرگری ئاسمانی ڕێگری لەهێرشێکی درۆنی کردووە، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سنووری ڕۆژئاواوە چوونەتە ناو ئاسمانی ئیماراتەوە،  دوو لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە سەرکەوتوویی تێکشکێنراون، سێیەمیشیان بەر مۆلیدەی کارەبا لە دەرەوەی وێستگەی ئەتۆمی بەراکە لە ناوچەی ئەلزەفرە کەوتووە.

ئەو سەرچاوە سەربازییە ڕوونی کردەوە، ئیسرائیل لە پشت هێرشەکەوەیە و ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ئیمارات کاری دوژمنکارانەی جۆراوجۆری ئەنجامداوە و ئێرانیش ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوەی گرتۆتەبەر. بەڵام هەندێک لەو هێرشانەی کە ئیماراتیان کردۆتە ئامانج، لەلایەن خودی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون.

سەرچاوەکە هۆشداری دایە ئەبوزەبی کە دۆستایەتییەکەی لەگەڵ قەوارەیەک کە درێغی ناکات لە کوشتنی منداڵان، نە ئاسایشی بۆ دەهێنێت و نە خۆشگوزەرانی ئابووری، بەڵکو لەبری ئەوە بە تەواوی ئاسایش و ئابووری و متمانەی ئەو وڵاتە تێکدەدات. 

ئەو سەرچاوەیە داوای لە ئیمارات کرد بە سیاسەتە ناوچەییەکانی خۆیدا بچێتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران دوژمنایەتی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە ناکات، بەڵکو پێی وایە وڵاتانی ناوچەکە توانای دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەم ناوچە ستراتیجییە و وەبەرهێنانی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانی گەلەکەیان هەیە.