شارپرێس:
بیرۆکەی ئەوەی کە هەندێک کەس وەک "موگناتیسی مێشوولە" وان، لەوانەیە تەنیا باوەڕێکی گشتیی بەدیار بکەوێت، بەڵام توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ ئاشکرای کردووە کە ئەم دیاردەیە ڕاستەقینەیە، بەشێوەیەک هۆکاری کیمیایی هەن کە وا دەکەن هەندێک کەس سەرنجڕاکێشتر بن بۆ ئەم مێرووانە بەراورد بە کەسانی تر.
بەپێچەوانەی بیروباوەڕە باوەکان، مێشوولە ڕەنگی چاو، قژ، یان تەنانەت گرووپی خوێن ڕایناکێشێت، بەڵکو زانایان جەخت دەکەنەوە کە بەستنەوەی گرووپی خوێن بە زیادبوونی ئەگەری پێوەدانی مێشوولە "هیچ بنەمایەکی زانستی نییە"، بەڵکو کۆمەڵێک هاندەری هەستیی جەستەی مرۆڤ، وەک بۆن، گەرمی جەستە، و دوانەئۆکسیدی کاربۆن کە لە کاتی هەناسەداندا دەیدەینەوە، هانی مێشوولە دەدەن کەسێک بەسەر کەسێکی تردا هەڵبژێرێت.
دوانەئۆکسیدی کاربۆن (CO2) یەکەم نیشانەیە کە مێشوولە پشتی پێدەبەستێت بۆ دۆزینەوەی نێچیرەکانی و دەتوانێت لە دووریەکی زۆرەوە هەستی پێبکات. زانای سویدی ڕیکارد ئینیێل دەڵێت: زیاتر لە 100 ساڵە دەزانین مێشوولە ڕادەکێشرێت بەرەو ئەو دوانەئۆکسیدی کاربۆنەی لە دووری تا 10 مەترەوە دەیدەینەوە.
ئەمە یەکەم نیشانەیە کە ڕەفتاری مێشوولەکە چالاک دەکات پێش ئەوەی لە سەرچاوەی بۆنەکە نزیک بێتەوە. لەگەڵ نزیکبوونەوەیدا، گەرمی جەستە و ئاستی شێداری وا دەکەن هەندێک کەس سەرنجڕاکێشتر بن.
لە توێژینەوەیەکدا کە 42 ژنی گرتەوە، دەرکەوت لە کۆی نزیکەی 1000 ماددەی کیمیایی پەیوەندیدار بە بۆنی جەستەی مرۆڤ، مێشوولە بە تایبەتی بەرەو 27 ئاوێتە ڕادەکێشرێت.
یەکێک لە دیارترین ئاوێتە سەرنجڕاکێشەکان ماددەی "ئۆکتینۆڵ"ە (1-octen-3-ol) کە بە "کحوولی قارچک"یش دەناسرێت و لە کاتی شیبوونەوەی ڕۆنە سروشتییەکانی پێستدا بەرهەم دێت، تەنانەت زیادبوونی زۆر کەمی ئەم ماددەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕاکێشانی مێشوولە.
لەلایەکی ترەوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە هەندێک جۆری مێشوولە بەرەو ئەو کەسانە دەچن کە ماددەی "دێت" (DEET) بەکاردێنن، کە یەکێکە لە باوترین ماددەکانی دەرکردنی مێروو. سەرەڕای ئەوەی ئەم ماددەیە بۆ دوورخستنەوەی مێشوولە دروستکراوە، بەڵام هەندێک مێروو لەوانەیە بۆنەکەی بە بوونی سەرچاوەیەکی خۆراکی گریمانکراوەوە ببەستنەوە، ئەمەش لە هەندێک بارودۆخدا کاریگەرییەکەی کەم دەکاتەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
