"گەڕاینەوە خاڵی سەرەتاو خراپتریش".. ئۆباما ڕەخنە لەڕێککەوتنەکەی ترەمپ لەگەڵ ئێران دەگرێت

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2787 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا ڕایگەیاند، پێدەچێت ئەمریکا گەڕابێتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە پێش هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئێران تێیدا بوو، یان دۆخەکە بوبێتە خراپتر، هاوكات ڕەخنەی لەو پاساوانەی شەڕ گرت کە دۆناڵد ترەمپ لەمانگی شوباتی ڕابردودا ڕایگەیاندبون.


ئەم لێدوانانەی ئۆباما لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا هات لەگەڵ پێشکەشکار کریغ میلڤین لەبەرنامەی (توده‌ی) لەتۆڕی (ئێن بی سی نیوز) کە دوێنێ هەینی پەخشکرا، ئۆباما وتی، "ئێمە چوینە ناو شەڕێکەوە، ملیارەها دۆلارمان خەرجکردو سوپاکەمان خستە ژێر فشارێکی بێوێنەوە، زۆر خەڵک کوژران، وا دیارە گەڕاوینەتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە لێی بوین‌و ڕەنگە کەمێکیش خراپتر بوبین".

سەرۆکی پێشوترى ئه‌مریكا خۆشحاڵی خۆی بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە دەربڕیی‌و وتی، "من زۆر دڵخۆشم بەبینینی ڕاگرتنی تەقەو هیوادارم بەردەوام بێت".

ئۆباما گومانی خستەسەر ئەو بنەمایەی کە شەڕی ئێرانی لەسەر هەڵگیرساو ئاماژەی بەوەکرد، "ڕێککەوتنی ئەتۆمیی کە لەسەردەمی ئیدارەی مندا گەیشتبوینە ئەنجام، دەقەکەی جەختیدەکردەوە کە ئێران ڕازیبوە چەکی ئەتۆمی پەرە پێنەدات".

ئەو وتیشى، "ئەم ئیدارەیە، یان وەشانێکی پێشوی ئەم ئیدارەیە، لەڕێککەوتنەکە کشایەوە، ئەوەش وایکرد ئێران دواتر توانای ئەتۆمیی گەورەتر پەرە پێبدات".

ترەمپ لەولایەتی یەکەمی خۆیدا لەساڵی 2018 لەڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 کشابوەوە، ئەو ڕێککەوتنە هەنگاوی وردی دیاریدەکرد کە دەبوو تاران لەماوەی زیاتر لە25 ساڵدا جێبەجێیان بکات؛ بەئامانجی ڕێگریکردن لەخاوەندارێتی یان پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی، بەڵام یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئێستا بەتەواوی چارەسەری چارەنوسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ناکات.

ترەمپ ئێوارەی چوارشەممە، لەمیانی خوانێكى ئێواره‌دا لەکۆشکی ڤێرسای، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەی واژۆکرد، کە وادەیەکی 60 ڕۆژە دەداتە دانوستانکاران بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی بەردەوامتر بۆ کۆتاییهێنان بەململانێکان.

لەهەمان چاوپێکەوتندا، ئۆباما وتی، "ماوه‌ى سەرۆکایەتیم هه‌موان ده‌زانن چۆن بوو، پێموایە خه‌ڵك شایه‌دى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، بێگومان ئێستا ئێمە لەسەردەمێکی پڕ لەشێواویی‌و جەمسەرگیریدا دەژین، لەهەستی هەندێک خەڵک تێدەگه‌م کە پێیانوایە دیموکراسییمان، دابونەریتە مەدەنییەکانمان، بەهاکانمان‌و تێگەیشتنی هاوبەشمان بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنمان لەگەڵ یەکتردا، دەستی بەداخوران کردوە".

ئه‌وه‌شى وت، "بەرپرسیارێتی مەدەنی لەناخی هەموماندایە بۆ دڵنیابون لەوەی حکومەتەکەمان کاردەکات، هەمومان ڕۆڵمان هەیە لەمسۆگەرکردنی لێپرسینەوە لەبەرپرسە هەڵبژێردراوەکان، ئەمەش شتێک نییە کە بتوانین وەک بابەتێکی ڕابردوو سەیری بکەین".

بەپەلە