شارپرێس:
سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاشکرایانکردوە، ستیڤ ویتکۆف نێردراوی کۆشکی سپیو عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، بەنیازن بچنە سویسرا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی لێکەوتەی توندی لەئێران کردوە ئەگەر دانوستانەکان سەرنەکەون.
بەرپرسێکی ئەمریکی بەماڵپەڕی ئەکسیۆسی ڕاگەیاندوە، ویتکۆف بەرەو سویسرا بەڕێکەوتوە بۆ بەشداریکردن لەخولی یەکەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان کە بڕیاربوو ڕۆژی هەینی ئەنجامبدرێت.
هەروەک دەڵێت، "چاوەڕواندەکرێت جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتیی وهفدى وڵاتەکەی بکاتو جارید کۆشنەریش تێیدا بەشداربێت".
هاوکات ئەکسیۆس بەپشتبەست بەسەرچاوە ئاگادارەکان باسی لەوەکردوە، ئەمڕۆ شەممە، عەباس عێراقچی دەگاتە سویسرا، ئاشکراشیکردوە، وەزیری دەرەوەی ئێران بەچەند هاوتایەکی ڕاگەیاندوە، ئاگربەست لەلوبنان لەپێشەنگی کارەکانی ئێراندایە.
لەلایەکی دیکەوە، موحسین نەقەوی وەزیری ناوخۆی پاکستان، بهگوێرهى ئاژانسی ئیرنا ئەمڕۆ شەممە گەیشتوهتە تاران بۆ کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران.
بهگوێرهى زانیارییەکان، نەقەوی لەم سەردانەیدا پرسی بەڕێوەچونی دانوستانەکانی نێوان ئێرانو ئەمریکا تاووتوێدەکات، بەڵام ئاژانسەکە وردەکاریی زیاتری لەوبارەیەوە ئاشکرانەکردوە.
ئەم کۆبونەوانە لەکاتێکدایە کە ناوچەکەو جیهان چاوەڕوانی ئەنجامی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە نوێیانەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانو گەیشتن بەڕێککەوتنێکی نوێ.
