ئێران بەفەرمی پێنج خاڵی بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی ڕاگەیاند

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 565 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دەستپێکردنی دانوستانە کۆتاییەکان لەگەڵ ئەمریکا، مەرجدارە بەجێبەجێکردنی پێنج خاڵی دیاریکراو لەو لێکتێگەیشتنەی کە لەنێوان هەردولادا واژۆ کراوە كەئەو پێنج خاڵە مەرجی ڕونی وڵاتەكەن بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی.


ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەو سەردانەی کە بڕیار بوو ڕۆژی هەینی ئەنجام بدرێت، بەهۆی واژۆکردنی دیجیتاڵیی لێکتێگەیشتنەکە لەلایەن سەرۆکی هەردوو وڵاتەوە هەڵوەشاوەتەوەو چیتر لەڕوی جێبەجێکردنەوە پێویستییەکی بەپەلە نەبوە.

بەقایی ڕونی کردەوە، بەپێی خاڵی 13ـی لێکتێگەیشتنەکە، دەستپێکردنی دانوستان بۆ گەیشتن ب رێککەوتنی کۆتایی، تەنها بەمەرجی دەستپێکردن و بەردەوامبوونی لایەنی بەرامبەرە لەجێبەجێکردنی پابەندییەکانی بەپێی خاڵەکانی (1، 4، 5، 10 و 11)، هاوکات جەختی کردەوە خاڵی یەکەم، کە بریتییە لەکۆتاییهێنان بەجەنگ لەهەموو بەرەکان و لەوانەش لەلوبنان، کۆڵەکەی سەرەکی پابەندییە هاوبەشەکانە.

بەقایی ڕەخنەی توندی لەلایەنی بەرامبەر گرت و ڕایگەیاند، لەکاتێکدا پێویست بوو ئەوان ئیسرائیل ناچار بکەن بەڕاگرتنی جەنگ لەلوبنان، بەڵام لەو بوارەدا کەمتەرخەم بون، ئەمەش وەک پێشێلکارییەکی ڕون وەسف کرد، هەروەها وتیشی،"هەرچەندە ئێران رێوشوێنی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و کردنەوەی گەرووی هورمز گرتوەتەبەر، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنە پاکێجێکی یەکگرتوەو پێشێلکردنی خاڵی یەکەم بەواتای خستنەژێر پرسیاری تەواوی رێککەوتنەکە دێت".

سەبارەت بەگەشتی شاندی ئێرانی بۆ سویسرا، بەقایی ئاشکرایکرد، ئامانجی ئەم گەشتە تەنها دیاریکردنی چۆنیەتی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لایەنی بەرامبەرە، ئەو دوپاتی کردەوە کە لۆژیکی سیاسەتی دەرەوەی تاران ڕونە، پابەندی بەرامبەرو هەنگاو بەرامبەر هەنگاو".

لەکۆتاییدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هۆشداری دا، ئەگەر لایەنی بەرامبەر لەجێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پاشەکشە بکات یان رێگری دروست بکات، ئەوا کۆماری ئیسلامی ئێران بەپشت بەستن بەتواناکانی، رێوشوێنی هاوشێوەو توند دەگرێتە بەر کە دەبێتە هۆی پەشیمانی لایەنی بەرامبەر.