ئیسرائیل تاكلایەنە بڕیار لەمانەوەی هێزەكانی دەدات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 335 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوسینگەی ناتانیاهۆ ڕایدەگەیەنێت هێز،ەکانی وڵاتەکەی لەباشوری لوبنان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی پێویست بێت و بەهیچ شێوەیەك ناكشێنەوە.


نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،"کە هێزەکانی ئیسرائیل لەباشوری لوبنان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی پێویست بێت بۆ پاراستنی سنورەکانی باکوری وڵاتمان". 

لەڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە، کە ناتانیاهۆ رێنمایی داوەتە سوپای ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی توند بۆ هەر هێرشێکی حزبوڵڵاو کارکردن بۆ نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک کە هێزەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "لەوەڵامی هێرشەکانی حزبوڵڵا لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردودا، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر 300 ئامانج و نزیکەی 100 چەکداری کوشتوە".

لەڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەگەر حزبوڵڵا دوبارە هێرش بکاتەوە سەر هێزەکانی ئیسرائیل، ئێمەش جارێکی دیکە بە توندی وەڵامی دەدەینەوە".