لەسوپاوە بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت.. ئایا جەنەراڵە بێدەنگەکە ناتانیاهۆ دەروخێنێت؟

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 526 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپرسییە نوێیەکانی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی و ڕاپۆرتەکانی پێگەی ئەلمۆنیتەر، گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی یاشار، توانیویەتی پێش نەفتالی بێنیت، سەرۆک وەزیرانی پێشوو بکەوێت و ببێتە سەرەکیترین ڕکابەری بنیامین نەتانیاهۆ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

 
ئایزنکۆت بۆ یەکەمجار لە پێشەنگی لیستی ئەو کاندیدانەدا هاتووە کە گونجاوترینن بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی حکومەت، بەمەش پێش بێنیت و نەتانیاهۆ کەوتووە.

له ڕاپرسییەکی تری دەستەی پەخشی ئیسرائیلی (کان) کە لە 16ی حوزەیراندا بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، پارتی یاشار بە سەرۆکایەتیی ئایزنکۆت 21 کورسی لە کۆی 120 کورسی کەنیسەت بەدەستدەهێنێت، لە کاتێکدا هاوپەیمانیی بێنیت و یائیر لاپید بە پاشەکشێیەکەوە تەنها 17 کورسی دەهێنن.

هاوکات پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهۆ بۆ 23 کورسی دابەزیوە، ئەمەش جیاوازی نێوان ئایزنکۆت و نەتانیاهۆ بۆ تەنها 2 کورسی کەمدەکاتەوە. ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە جەماوەری نەتانیاهۆ بەهۆی لێکەوتەکانی ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانەوە کە ئیسرائیلییەکان بە نەرێنی دەبینن، ڕووی لە دابەزین کردووە.

چاودێران پێشبینی دەکەن ئایزنکۆت لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمدا ببێتە سەرکردەی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن.

ئایزنکۆتی تەمەن 66 ساڵ، دوای مێژوویەکی سەربازیی درێژ کە لە ساڵی 1978ەوە دەستی پێکرد و تێیدا پۆستی سەرۆکی ئەرکانی سوپای لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2019 بەڕێوەبرد، لە ساڵی 2022ەوە لە ڕێگەی پارتی یەکێتیی نیشتمانییەوە چوونە ناو کایەی سیاسیی ڕاگەیاند.

دوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، پارتەکەی چوونە ناو حکومەتی جەنگی نەتانیاهۆ، بەڵام لە حوزەیرانی 2025 لەو پارتە جیابووەوە و لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا پارتی یاشاری دامەزراند، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژی لەگەڵ بێنی گانتسی هاوپەیمانی پێشووی.

نەیارانی تۆمەتباری دەکەن بە بێ ئەزموونی سیاسی، بەڵام دەنگدەران ئەمە بە خاڵێکی ئەرێنی دەبینن کە دوورە لە ململانێی سیاسی باو.

جەماوەریبوونی ئەو زیاتر پەیوەستە بە ڕووداوەکانی دوای 7ی تشرینی یەکەم، کاتێک کوڕەکەی و دوو برازای لە شەڕەکانی غەزەدا کوژران. ئەو لەناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلیدا وەک نموونەی هاووڵاتی سەرباز دەبینرێت کە ژیانێکی سادە لە هێرتسیلیا دەژی.

 هەروەها لەلایەن چەپەکانەوە پشتگیریی دەکرێت بەهۆی هەڵوێستەکانی پێشووی بۆ پێکهاتن لەگەڵ فەڵەستینییەکان و دژایەتیکردنی لاوازکردنی دەسەڵاتی دادوەری.

چاودێران پێیان وایە هەڵبژاردنی داهاتوو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێت لە نێوان نەتانیاهۆ و ئایزنکۆتدا، بەڵام هێشتا ئایزنکۆت پێویستی بەوەیە بیسەلمێنێت کە دەتوانێت ئەم بەهێزییەی لە ڕاپرسییەکاندا بۆ سەرکەوتنێکی ڕاستەقینە لەسەر نەتانیاهۆی خاوەن ئەزموون بگۆڕێت.