شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا وڵاتەكەی وەك فریشتەی پارێزەر وەسف كردو ڕایگەیاند، کە لە ماوەی 60 ڕۆژی ئاگربەست و دوای ئەو وادەیەش، هیچ جۆرە باجێک لەگەروی هورمز وەرناگیرێت و لەهیچ لایەنێكیشی قیبوڵ ناكات باج وەربگرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) جەختی کردەوە گەروی هورمز لەماوەی 60 ڕۆژی ئاگربەستدا بەبێ بەرامبەرو بەبێ وەرگرتنی هیچ جۆرە باجێک بەڕوی کەشتییەکاندا واڵا دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دۆخە بۆ دوای تەواوبونی وادەی 60 ڕۆژەکەش بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا لەپەیامەکەیدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کردو ڕایگەیاند، تەنیا ئەمریکا مافی ئەوەی دەبێت باج بسەپێنێت، ئەوەش لەكاتێکدا ئەگەر رێککەوتنی ئاشتی بەتەواوی کۆتایی نەیەت.
ترەمپ ئەمریکای وەک فریشتەی پارێزەر بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسف کردو وتی، "ئەگەر رێککەوتنەکە سەرنەگرێت، ئەمریکا باج دەسەپێنێت بۆ وەرگرتنەوەی تێچوەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوی ئەو خزمەتگوزارییە ئەمنییانەی کە پێشکەشی ناوچەکەی کردوە."