شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، مارک کارنی، ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی
پێویستی بە دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی هەیە لە تاران.
کارنی ئاماژەی بەوە کردووە کە نەبوونی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی
لە وڵاتانی وەک ئێران و ڤەنزوێلا، کەنەدا دەخاتە دۆخێکی لاواز و سەختەوە، بەتایبەت
لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە کۆنسوڵییەکان بە هاووڵاتیانی کەنەدی.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی میهری ئێرانی، کارنی داوای دووبارە
کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی کەنەدای کردووە لە تاران و کاراکاس. جەختیشی لەوە کردۆتەوە
کە گەڕانەوەی دیپلۆماتکاران دەبێتە هۆی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان.
ئەم لێدوانانە دوای تێپەڕبوونی 14 ساڵ دێت لە پچڕانی پەیوەندییەکانی
نێوان هەردوو وڵات؛ کاتێک لە ساڵی 2012دا، کەنەدا لە چوارچێوەی سیاسەتە نەیارەکانی
بەرامبەر بە ئێران، باڵیۆزخانەکەی لە تاران داخست و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ
ئەو وڵاتەدا هەڵپەسارد.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی