ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکەی ڤەنزوێلا بەرزبوەوە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 263 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تیمەکانی فریاگوزاری لە ڤەنزوێلا بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ڕزگاربووان لەژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕوخاوەکاندا، ئەمەش دوای ئەوەی دوو بومەلەرزەی بەهێز وێرانکارییەکی گەورەیان لە وڵاتەکەدا دروستکرد.

 بەپێی دواین ئامارەکان، ژمارەی قوربانیان بۆ 235 گیان لەدەستدان و زیاتر لە 1500 بریندار بەرزبۆتەوە، لە کاتێکدا دەیان کەسی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن و لەژێر داروپەردوه‌کاندا ماونەتەوە.
ویلایەتی لا گوایرا، کە دەکەوێتە باکووری کاراکاسی پایتەخت، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و ڕاگەیەندراوە کە ناوچەیەکی کارەساتبارە.
 پەیمانگای جیۆلۆجی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە کە بوومەلەرزەی یەکەم بە گوڕی 7.2 پلە ڕوویداوە، و تەنیا دوای 39 چرکە بوومەلەرزەیەکی دووەم بە گوڕی 7.5 پلە بەدوای خۆیدا هێناوە، دواتریش نزیکەی 30 پاشکۆبوومەلەرزە ناوچەکەیان هەژاندووە، ئەمەش بە بەهێزترین چالاکی بوومەلەرزەیی دادەنرێت لە ڤێنیزوێلا لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا.
کارلۆس ئالڤارادۆ، وەزیری تەندرووستیی، دۆخەکەی بە نالەبار وەسف کردووە، لە کاتێکدا دێلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی بەوەکالەتی وڵاتەکە، بڕیاری داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مایکیتیای دا بەهۆی تێکچوونی ژێرخانەکەیەوە.
میدیاکان باس لەوەدەکەن کە بەهۆی کەمیی ئامێرە پێشکەوتووەکانەوە، دانیشتوان بە ئامرازی سەرەتایی هەوڵی ڕزگارکردنی کەس‌وکاریان دەدەن.
لە لایەکی دیکەوە، هاوکاریی نێودەوڵەتیی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیاوە دەستیپێکردووە، لە کاتێکدا لەرینەوەی بوومەلەرزەکان گەیشتوونەتە کۆڵۆمبیا و بەڕازیل، بەڵام مەترسیی دروستبوونی تسۆنامی لەسەر کەناراوەکانی دەریای کاریبی نییە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی