وەزارەتی دارایی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم ئاشکرادەکات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 272 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دارایی و ئابوری ئامارێکی نوێی لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بڵاوکردوەتەوە، کەئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 190 هەزار موچەخۆری هەرێم هەیە و 23%یان پێشمەرگە و کارمەندی هێزە ئەمنییەکانن، کۆی کشتی موچەخۆرانیش مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 945 ملیار دینارە.

بەپێێ ئەو ئامارانە، زۆرترین فەرمانبەر و موچەخۆری هەرێم لەپارێزگای هەولێرە کە ژمارەیان 585 هەزار و 364 کەسە، لەسلێمانیش 436 هەزار و 740 موچەخۆر هەن، لە دهۆک 140 هەزارو 206 موچەخۆر هەیە، لە هەڵەبجە 15 هەزار و 334 کەس، لەناوچەکانی تریش 12 هەزار و 747 موچەخۆری حکومی هەیە.

لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارانە، وەزارەتی دارایی دەڵێت،" لەچوارچێوەی بڵاوکردنەوەی پەرتوکی کارو چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی لە ساڵی ( 2019 تا 2025 ) کە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بەفەرمی بڵاوکرایەوە، لەناوەرۆکی پەرتوکەکە بە داتاو زانیاری و گرافیک ژمارەی تێکڕای میلاکی فەرمانبەران و مووچەخۆران و سودمەندانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وەزارەت و فەرمانگەو دەستەو سەرۆکایەتیەکان و دابەشبونیان لەسەر ئاستی پارێزگاکان خراوەتە ڕوو".

ئەوەشیخستەڕوو، ئەو موچەخۆرانە تەمویلی موچەی مانگانەیان لەحکومەتی فیدراڵەوە خەرج دەکرێت، هاوکات بەخشتەیەک سەرجەم داتاو زانیاری ئەو فەرمانبەرانەش خراوەتە ڕوو کە مانگانە لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت.