شارپرێس:
ناڕوونی و ناكۆكیی لە نێوان باڵەكانی ئیدارەی دووەمی دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی
ئەمریكا، گەیشتۆتە ئاستێكی ئاشكرا كە چیدی ناتوانرێت لە پشت دەرگا داخراوەکاندا
بشاردرێتەوە.
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، ئەم
ململانێیە تەنیا لەسەر سوود و پێویستیی ڕۆشتن لەسەر ئاڕاستەی گفتوگۆ لەگەڵ تاران نییە،
بەڵکو گۆڕاوە بۆ شەڕێكی ڕاستەوخۆ و سەرۆکایەتیی لەسەر شێوازی جێبەجێكردنی "یاداشتی
لێكتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد" كە چوارچێوەی ڕێككەوتنە نوێیەكەی نێوان واشنتن و
ئێران دیاری دەكات.
لە ناوەندی ئەم کێشمەکێشە ستراتیژییەدا، دوو تەوژمی دژ بەیەک بەدی دەکرێن:
باڵی "واقیعییەتی ئابووری" كە دەیەوێت بازاڕەكانی ناوخۆ و وزە بپارێزێت،
لەگەڵ باڵی "بازەكان" كە تەواو هاوڕان لەگەڵ سیاسەتی ئیسرائیل بۆ فشار
خستنە سەر ئێران.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان کە لە ناوەندە دبلۆماسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
دەستاودەستیان پێدەکرێت، ئاشكرای دەكەن كە ئەم دابەشبوونە گواستراوەتەوە بۆ ناو كایەی
دیپلۆماسیی مەیدانی و بۆتە هۆی جۆرێک لە شڵەژان لەناو کایەی دیبلۆماسیی ئەمریکا.
سەرچاوە ڕۆژاواییەكان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژە بەوە دەكەن كە پەیوەندییەكانی
ئەم دواییەی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆكی لوبنان، دژایەتییەكی
توندی تێدا بووە؛ بە جۆرێك جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆك، پەیامی دڵنیایی داوە بۆ ڕاگرتنی
هەر گرژییەكی سەربازیی ئیسرائیل، لە كاتێكدا ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، بە تۆنێكی
توند مەرجی قورسی داناوە و هەڕەشەی بەردەوامیی فشارە سەربازییەكانی كردووە، ئەمەش
نیشانەی قووڵبوونی تەنگژەی پێکهاتەیی تیمی سەرۆکایەتییە.
چاودێران پێیان وایە کە باڵی ڤانس و ستیڤ ویتكۆف لەسەر بنەمای "ئەمریکا
لەپێشینەیە" کار دەکەن و پێیان وایە پاراستنی ئابووریی لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە،
لە کاتێکدا بازەکان هۆشداری دەدەن کە هەر جۆرە پاشەکشەیەک دەبێتە چەترێکی ئاسایشی
بێبەرانبەر بۆ تاران.
پسپۆڕانی سیاسیی هاوڕان لەسەر ئەوەی
کە هەرچەندە باڵی ئابووریخوازی ڤانس بەهۆی پاڵپشتی ترامپەوە ئێستا بەهێزترە، بەڵام
بەردەوامیی ئەم پەیامە دژبەیەکانە مەترسیی تەقینەوەی دۆخی ناوچەکە لە بەیرووتەوە
تا تاران لە هەر ساتێكدا هێشتا بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
